لانك، ماڵە بچووكەكەی منداڵ

لانك، ماڵە بچووكەكەی منداڵ
رەوەند بەختیار
بیرۆكەكانی كورد لەزۆر بواردا خزمەت بەدۆخی خۆی و داھاتوو دەكات، ھەندێك جار كارەكان ئەوەندە بەسوود و جوان دەبن، كە لەكۆنەوە و تا ئێستاش بەكاردەھێنرێت، لەناو كورددا شتێكی جوان ھەیە بۆ پاراستنی منداڵی ساوا، كە ئەویش (لانك)ـە، وەك كەلوپەلێكی كارا و پێویست تا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان، دەڵێن جەستەی مرۆڤی كورد لەدوورەوە دیارە، تەنانەت ھەندێك شوێن لەجەستەدا ھەیە، بەھۆی لانكەوە وەك قاڵبێك دەگرێت و سیماو بوونی ئەو كەسە بەمنداڵی لەناو لانكدا لەداھاتوودا دەردەكەوێت، وەك پشتی سەری مرۆڤی كورد، ئەو كەسەی بەمنداڵی دەخرێتە ناو لانكەوە، لەگەڵ گەورەبوونی پشتی سەری بازنەیی نابێت، بەڵكو ھەندێك ڕاست دەبێت، بەم جیاوازییە ئەو كەسە دەناسرێتەوە ئەگەر لەناو لانك دانرابێت یان نا، لانك لەدار دروست دەكرێت، شێوەی پێخەفێكی بچووكی ھەیە، لەناوەوە دۆشەكێكی بچووك دانراوە و لەگەڵ سەرین بۆ منداڵەكە، ھەروەها پەت و داو ھەیە بۆ بەستنەوەی منداڵەكە كە پێیدەگوترێ (دەسترازە)، لەپێشوودا بلووریان بەكاردەھێنا بۆ دەرخستنی پاشەڕۆی منداڵەكە، لەخوارەوە لەسەر دوو لایەن دەوەستێت، ئەو دوو لایەنە شێوەی لارە و بۆ ئەوەی لانكەكە جووڵە بكات، وەك بێشكەیەكی لێبێ و منداڵەكە لەناوی بخەوێت كە لەشێوەی جۆلانە بێت، لەسەرەوەش شتێكی تەنكی بەسەردا دەدرێت بۆ پاراستنی منداڵەكە لەمێش و مەگەز و یان ھەر باڵندەیەكی دیكە، تا ئێستاش لەماڵەكانمان لانك ھەیە، وەك بێشكەیەك ھەموومانی گەورە كردووە و پێشتر ماڵە بچووكەكەی گشت ئەو كەسانە بووە كە لەلانكدا دانراون و تەنانەت دەركەوتووە دەڵێن: دانانی منداڵ لەناو لانك لەڕووی تەندروستییەوە بەسوودە.
Top