هیڵدا: لە جلك دوورینی بووكەشووشەوە فێری دیزاین بووم

هیڵدا: لە جلك دوورینی بووكەشووشەوە فێری دیزاین بووم
هیڵدا خوڕانی، خانمێكی دانیشتووی شارۆچكەی عەنكاوەیە لەهەولێر، كاری دیزاین كردن و ئامادەكردنی بەرهەم و فاشیۆنی جلوبەرگە، كە چەندین دیزاینی جوانی بۆ جلوبەرگ و جلی كوردی داناوە، وەك یەكێك لەو دیزاینەرانەی جیهان، هیوا و ئاواتی ڕۆژێك بەناوی كوردستانەوە، نمایشێكی گەورە و جیهانی بكاتەوە و بەرهەمە كوردی و جوانەكانی لەو نمایشە پیشان بدات و كوردستان زیاتر بەجلوبەرگ وەك زمانێكی تایبەت بەجیهان بناسێنێ، بیرۆكەی جوان و ڕازاوەی هەیە لەبواری دیزاین، بەپێویستمان زانی چەند پرسیارێك ئاراستەی ئەو خاتوونە بكەین و وەڵامەكانیشی بەم جۆرە بوو:
* هیڵدا تەمەنی چەندە و چۆن ئەو بوارەت هەڵبژارد؟
- من تەمەنم 21 ساڵە دانیشتوی شاری هەولێرم لەشارۆچكەی (عەنكاوە). هەڵبژاردنی دیزاین ئەو بەهرەیە لەناخم دروست بووە و ناتوانم بەجێبهێڵم.
* لەكەیەوە دەستت بەكاری دیزاین كرد و سەرەتا چۆن دەستت پێكرد؟
- من لەمنداڵیەوە خەریكی فاشیۆن دیزاین كردن بووم، كاتێك منداڵ بووم لەجیاتی یاری بەبوكە شووشە بكەم، جلكم بۆی دەدووری هەر بەم شێوە مامەوە و ئێستاش بەردەوامم لەدیزاینی جلوبەرگی كچان و هەندێك جار بۆ كوڕانیش دیزاین دەكەم، چونكە كوڕان زۆر داوایان لێكردم كە دیزاینی جلكی كوڕانیش بكەم.
* دیزاین مانای چییە لای هیڵدا؟
- دیزاین جورێكە لەهونەر، پێدەڵێن هونەری كاركردن (فن تطبیقی) ئەم جۆرە هونەرە یەكەم جار لەسەدەی 19 دەرچووە كە یەكەم دیزاینەر (شارل فریدریك) بوو كە لەدوای ساڵی 1858 توانرا پێبڵێن دیزانی جلوبەرگ، چونكە ئەو یەكەم كەس بوو دیزاینی جل بكات و ناوی خۆی بنووسێ لەسەر ماركەی جلكەكانی، دیزاین دوو كات و وەرزی هەیە بەهار و هاوین یان پایز و زستان، ئەم جۆرە هونەرە دەگۆڕێ بەپێی كەس و بارودۆخی دەوروبەر، واتا كۆمەڵگە پێویستی بەچی بێ ئەو دەكەی، بۆ نموونە با بڵێن بۆ وەرزی بەهار هەموومان دەزانین نەورۆزە و خەڵك زۆربەیان دەچنە سەیران و جلكی كوردی لەبەر دەكەن، بۆیە دەبێ لەم كاتە من زیاتر جلی كوردی دیزاین بكەم. بەڕای من دیزاین هونەر و بەهرەیە كە هەردووكیان تەواوكەری یەكترن.
* دیزاین و ستایلی جلی كوردی و جلوبەرگ لەكوردستان چۆن دەبینی و لەچ ئاستێكدایە؟
- دیزاینی جلی كوردی ئێستا گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر باش لەكوردستان، زۆر جار دەبینم مۆدەی زۆر جوان دیزاین كراوە، هەروەها جلی تریش، لەبەر ئەوەی ئێستا زۆربەی جلكەكان لەدەرەوەی كوردستان بۆمان دێ، خەڵكیش زیاتر لەپێشووتر گرنگی بەمودێلاتی جل دەدەن، لەبەر ئەوە هەر مانگێك مودێلێك و ستایلێكی نوێ دەردەكەوێ، لێرەدا ئەمە مانای ئەوەیە كە خەڵك زیاتر گرنگی بەمۆدە دەدات.
* چ جۆرە جلێك ستایلی بۆ دەكەی؟
- من زیاتر كراس و عەزیەی ئاهەنگ دیزاین دەكەم، هەروەها جلی كوردی و جلی كاجواڵیش دیزاین دەكەم، وەكو لەدیزاینەكانم دەبینن بۆ هەموو كەسێك دەتوانێ بیپۆشێ.
* بیرۆكەی كردنەوەی شۆپ فاشیۆنێكی تایبەت بەخۆت هەیە؟
- كاتێك بگەمە ئەو قۆناغەی كە دیزاینەكانم بدوورم، بیر دەكەمەوە لەهەر وەرزێك، فاشیۆن شوپێك بكەمەوە لەكوردستان و شوپێكی تایبەت بەخۆم بۆ دیزاینەكانم بكەمەوە و هەبێ.
* بیر ناكەیەوە نمایشێكی تایبەت بەجلوبەرگ بكەیتەوە لەكوردستان؟
- بەڵێ، پێویستە نمایشی تایبەت بەجلوبەرگ بكەمەوە تاوەكو بەرهەمەكانم بگاتە خەڵك و ئاشنای بن.
* چ ستایلێكی جلوبەرگ باوی هەیە لەكوردستان؟
- من وای دەبینم ئێستا هەموو جۆرە جلێك لێرە باوی هەیە، چونكە بۆ نموونە ئێستا زوربەی كچان و كوڕانمان لەكۆلیژ و پەیمانگاكانن، ئەوانیش زیاتر جلی كاجواڵ واتە مۆدێرن لەبەر دەكەن و زۆریش هەیە بەكچ و كوڕەوە كە فەرمانبەرن لەدەزگای حكومی یان كۆمپانیا ئەهلیەكان كە ئەوانیش زیاتر جلی فەرمی (رەسمی) لەبەر دەكەن، هەروەها زۆر دیزاینی جلی كوردی جوان دەركەوتووە، ئەمەش دەبینم ڕەواجی هەیە.
* وەرزی داهاتوو واتە بەهار، چ جۆرە ستایلێك دەبێتە مۆدە لەكراس و جلی كوردی؟
- لەدیزاینەكانم بۆ وەرزی بەهار زیاتر ڕەنگی كراوە (فاتح)م بەكارم هێناوە، هەروەها زیاتر ڕەنگەكان پێكەوە دامناوە، بەیارمەتی خوا دیزاینەكانم بۆ ئەم كاتە ئامادە دەبێ بۆ خەڵك و لەڕێگەی گۆڤاری گوڵان بڵاوی دەكەمەوە.
* بەرهەم و جلی تازەت هەیە كە مۆدەی (2012) بێ؟
- بەڵێ، بەرهەمی نوێم هەیە بۆ 2012 و بەردەوامیش دەبم لەدیزاینی نوێ بۆ جلوبەرگی كچان، ئەویش جلێكی كوردییە لەسەر ئاڵای كوردستان و مانایەكی سیاسی هەیە.
* چۆن گرنگی بەجلوبەرگی كلتوری كوردی و مەسیحی بدەین و ئایا ئەو گۆڕانكاریانە جلوبەرگی كلتور و كۆن بەرهەمەكان جوانتر دەكات یان دەیشێوێنێ؟
- پێموایە ئەم گۆڕانكاریانە جوانتری دەكەن، چونكە بەبێ مۆدە هەندێك گوڕانكاری دەكەم لەجلی كوردی، بەڵام هەندێك كەس هەیە حەز بەم گۆڕانكاریانە ناكەن، ئێستا من كە دیزاینێكی جلی كوردی دەكەم، گۆڕانكاریەك هەیە لەجلەكە.
* دیزانین لەزۆر وڵاتان وەك ماددەیەك لەزانكۆ دەخوێندرێت، ئایا لەكوردستان هەبێ پێت چۆنە؟
- وەكو پێشتر باسم كرد بەداخەوە لەكوردستان جارێ دواكەوتووین لەم بابەتە، وەك دەبینن ئێمە جارێ خوێندنی دیزاین لەكۆلیژ و پەیمانگاكانمان نییە، ئێستا فاشیۆن دیزاین گەیشتۆتە قۆناغێك كە دیزاینەر پێویستی بەقەڵەم و وەرەقەش نییە، كە هەمووی دەتوانێ لەكۆمپیوتەرەوە دیزاینەكانی بكێشێت، بەڵام لێرە ئەم شتانەمان نییە هەموو ئیعتیمادمان لەسەر جلی دەرەوەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەی كە كەسانی شارەزامان نییە لەبواری دیزاین، هەروەها لەبواری چنینی قوماش بەرهەمان كەمە، كە قوماش بەدینەمۆی سەرەكی دادەنرێ بۆ دیزاینی جلوبەرگ، پێم سەیرە ئەو هەموو بەرهەمە سروشتیە هەیە لەكوردستان بۆ ئێمە بەكاری ناهێنین ئەگەر دیزاینیش بكەنە ماددەیەكی سەرەكی لەكۆلیژ و پەیمانگاكان، ئەمە باشترە بۆمان و زۆر كەسی پێشكەوتوو لێمان دەردەچێ، چونكە جلیش بەشێكە لەكلتوورمان، ئەگەر گرنگی پێ نەدەین، واتا كلتوورمان لەدواڕۆژدا دواكەوتوو دەبێ و لەناویش دەچێ.



Top