شیر و بەرهەمەكانی

شیر و بەرهەمەكانی
شیر یەكێكە لەو بەروبوومە سروشتیانەی كە سوودێكی گەورەی هەیە لەژیانی مرۆڤدا، زیاتر مرۆڤ سوود لەشیری ئاژەڵ و گیاندارە خۆماڵیەكان وەردەگرێ، كوردیش وەك هەر نەتەوەیەك، خاوەن مێژوو و ڕابردوویەكی گەورەیە، كە لەكۆندا ژیانی كورد لەسەر كشتوكاڵ و بەخێوكردنی ئاژەڵ بووە، شیری ئاژەڵیش سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی كورد بووە، كە دەكرێ لەشیری ئاژەڵ چەندین بەرهەمی دیكەی لێ ئامادە بكرێ، شیر كوڵاندن قوناغێكی سەرەتاییە بۆ دروستكردنی خواردنە خۆشەكانی دیكە لەشیر، وەك: ژاژی – پەنیر – لۆر – قەیماغ- دۆ-كەرە - ماست، دوای ئەوەی شیرەكە دەدۆشرێ لەگیاندارەكان، دواتر پاك دەكرێتەوە، ئەمەش بەئێلەگێكی پاك بۆ ئەوەی شیرێكی پاك بمینێتەوە، دواتر دەخرێتە ناو مەنجەڵێكی گەورە و بەئاگردانەوە دەیكوڵێنن، ئەو بەشەی لەسەرەوە دەوەستێ لەكاتی شیر كوڵاندنەكە، دەبێتە قەیماغ، دواتر بەتێكەڵ كردنی بڕێك لەشیری ئامادەكراو كە پێ دەگوترێ (هەوێن)، لەناو شیرەكە، دوای ئەوەی سارد دەبێتەوە ئیتر دەبێتە ماست، دەكرێ بەكوشینی شیر، پەنیری لێ دروست بكەین، یان شیری پاك دەخرێتە ناو مەشكەوە دەبێتە دۆ، كە خواردنێكی خۆش و بەجۆشە و بەبیانیان دەخورێت.
Top