ئەحمەداوە سەیرانگا سروشتی و دڵڕفێنەكە

ئەحمەداوە سەیرانگا سروشتی و دڵڕفێنەكە
كوردستان بەسەیرانگا و شاخەكانیەوە بەناوبانگە، بەهەشتێكە بۆ گەشتوگوزار و سەرچاوەیەكی خۆشی و بەسەربردنی كاتێكی خۆشە لەشوێنە گەشتیاری و سەرچاوە ئاوی و گەشتیارییەكان، تەنانەت هەزارەها شوێن هەیە كە لەسروشتدا وەك سەیرانگایەكی گەشتیاری وایە، بەبێ ئەوەی كاری گەشتیاری لەسەر بكرێ، نموونەش: سەیرانگای ئەحمەداوەیە لەگوندی ئەحمەداوەی سەر بەپارێزگای سلێمانی، ئەو سەیرانگایە دەكەوێتە دووری (75) كیلۆمەتر لەڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و دەكەوێتە سەر سنووری نێوان كوردستان و ئێران، بەرزایی لەسەر ئاستی دەریاوە دەگاتە (2000) مەتر، كە شوێنگەی ناوەڕاستی زنجیرە چیایەكی بەرزە، ئەحمەداوە بەبوونی سەرچاوە ئاوییەكان ناسراوە، كە كانگایەكە لەئاوی سروشتی و بەتامێكی شیرین و سپی ئاوەكانی لەگەرووی چیاكانەوە دێتە خوارەوە، لەو شوێنە چەندین خانوو هەن كە لەبەرد دروست كراون، دیمەنێكی ئاسەوار و كۆنی پێوە دیارە، كە بەگوندی ئەحمەداوە ناسراوە و ئەو سەیرانگایە جگە لەبوونی ئاوێكی پاك و بێگەرد، هەروەها چەندین دار و بەروبوومی سروشتی وەك: هەنار و هەنجیر لەم شوێنە خۆشەدا دەبینرێن كە بەشێوەیەكی سروشتی دەڕوێن، لەگەڵ ئەوەشدا بە خۆشترین سەیرانگاكان دادەنرێ لەسنووری شاری سلێمانی و ساڵانە خەڵك لەگشت شارەكان ڕوو لەو سەیرانگایە خۆشە دەكەن.



Top