نیشا : جلی كوردی ڕازاوە بەئاڵای كوردستان داواكاری زۆر لەسەرە

نیشا : جلی كوردی ڕازاوە بەئاڵای كوردستان داواكاری زۆر لەسەرە
ئا:ئیوان گەردی

نیشا، كچە كوردێكی دانیشتووی وڵاتی سویدە، كاری ئەو خاتوونە دیزاین و نەخش دانانە بۆ جلوبەرگ، بەتایبەت جلوبەرگی كوردی، ماوەی چەند ساڵێكە كار لەسەر ئەو لایەنە دەكات و توانیویەتی ڕێژەیەكی بەرچاو لەكراسی كوردی مودێرن و كلاسیك بەچەندین ستایل و دیزاینی جیاواز بنەخشێنێ، لەگەڵ ئەوەی ئەركی زیندووكردنەوەی ستایلە كۆنەكانی جلی كوردی دەدات و شێوەی تازەش لەیاد ناكات لەبەرهەمە تازەكانی. بەپێویستمان زانی چەند پرسیارێكی ئاڕاستە بكەین وەڵامەكانیشی بەم شێوەیە بوو..

* سەرەتا لێم پرسی كە چۆن دیزاینی جلوبەرگ پێناسە دەكەی، ئایا هونەر و زانستە یان بەهرەیە؟
- دیزاین كردن دەگەڕێتەوە بۆ بواری هونەری زیاتر، چۆن كاتێك بیر لەدیزاین كردن دەكەیتەوە تەواو دەبێ بیر لەهەموو بوارێكی هونەری بكەیتەوە، بۆ نموونە دیزاین كردنی جلوبەرگی كوردی، دەبێ بیر لەئاوازێكی كوردەواری بكەیتەوە، یان هۆنراوەیەك بەسەر جلی كوردی یان هەڵپەڕكێ، ڕەنگ و وێنە، ئەم بیرە هونەریانە بەمێشكت دا دێ بۆ دیزاین كردن.
* بیرۆكەی بوونت بەدیزاینەری جلوبەرگ بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ وەكو ئاواتێك وابوو یان بەهرەیەكی خۆت؟
- زیاتر بۆ كاری دیزاین كردنی خۆم دەیگەڕێنمەوە بۆ بەهرەی وێنەكێشان، كە بەهرەیەكی وێنەكێشانم هەیە و لەگەڵ خۆشنووسی و ستایلی نووسین، بەڵام هیچ حەزێكی بوون بەوێنەكێش و خۆشنووسیم نییە، زیاتر هەستم كرد دەمەوێ لەگەڵ ئەو بەهرەیە داهێنەرییەك بكەم، بۆیە دیزاین دەگەڕێنمەوە بۆ بەهرە و داهێنان، هەروەها بەبێ ئەوەی دەورە و خول ببینم و لەماوەیەكی زۆر كورتدا خۆم دەستم بەكاری دیزاین كرد و ئەمەش بەتوانا و بەهرەی خۆمەوە بوو.
* تا ئێستا چەند بەرهەمی كوردیت دەركەوتووە كە خەڵك بیپۆشێ؟
- بەرهەمەكانی من خۆی گرتووە لە(32) جۆرە جلوبەرگی كوردی، بەشی یەكەم لە(15) جل پێكهاتبوو كە هەر یەكە جۆرە دیزاینێك بوو و خۆم دامنابوو، لەنەورۆزی ساڵی 2010 لەچەندین ماڵپەری كوردیدا بڵاوكرایەوە، بەشی دووەمیش (17) دیزاین بۆ ساڵی 2011 بوو بڵاوكرایەوە، بێگومان داواكاری زۆر لەسەر دیزاینەكانم هەبووە بەتایبەت چەند دیزاینێك كە بۆ بۆنە كوردییەكان شیاو بوون.
* چ بنەما و ستایلێك هەڵدەبژێری بۆ دیزاین كردنی جلوبەرگ؟
- من لەسەر بنەمای جلی كوردی بیرۆكەی دیزاین كردنم بۆ هات، بۆیە ستایلی خەیاڵی هەڵدەبژێرم لەڕێگەی بیرۆكە و داهێنان، جلێك كە نەتبینیبێت دەتەوێ بیبینی، ئەوە لەخەیاڵەوە ستیلی بۆ دادەنرێ.
* شێوە و ستایلی كلاسیكی جلی كوردیت گۆڕیوە یان دەتەوێ پارێزگاری لەستایلی كۆنی جلی كوردی بكەی؟
- ستایلی كلاسیك هەمیشە زیندووە و وەك خۆی دەمێنێتەوە، من باس لەدیزانێكی خەیاڵی دەكەم واتە بێگومان نابێ لەو جلوبەرگانە بچێ كە لەپێشوودا هەبێ لەبازاڕەكان و لەناو كوردەواری خۆمان، بەڵام بەو مانایە نایەت كە ئیتر وا داهێنراوە دەبێ ئەوانی تر لەیاد بكەین، بەڵكو ئەوانە چەند ستایلێكی مۆدێرنن كە لەسەر بنەمای نوێكاری دیزاین دەكرێ بۆ كەسانی حەز بەشتی نوێ و ستایلی تازە و مۆدێرن دەكەن.
* بیرۆكەی تازەت چییە بۆ جلی كوردی؟ دەتەوێ چ پەیامێك بنێری بۆ جیهان لەبارەی ناساندنی جلی كوردی؟
- بیرۆكەی تایبەتم هەیە كە زۆر ئیشم لەسەر كردووە، پەیامم ئەوەیە كە ئێمە وەك كورد دەتوانین دیزاین بكەین، ستایلی نوێ دابهێنین و نوێكاری بكەین لەپۆشینی جلوبەرگ.
* كێشەت دەبێ لەنمایش كردنی بەرهەمەكانت، لەوەی كچان ئامادە نین جلەكانت نمایش بكەن بەهۆی لایەنە كۆمەڵایەتییەكان؟
- نمایش كردنی جلوبەرگ ئاسان نییە، لەئەوروپا كچ زۆر هەن بۆ نمایش كردن، بەڵام تێگەیشتن لەجلوبەرگی كوردی كەمە، بۆیە ئەو كەسەی نمایشی جلوبەرگی كوردی دەكات دەبێ زانیارییەكی تەواوی لەڕوونكردنەوەی جلوبەرگەكە هەبێ، نمایش كردن زمانێكی تایبەتی دەوێ كە لەنیشاندانی جلەكە دەردەكەوێت.
* گۆڕانكاری بەسەر ستایلی جلی كوردی، وەك لێكچوونە لەجلی بیانی بیرۆكەیەكی دروستە یان كاریگەری خراپی هەیە؟
- من زیاتر خەیاڵم هێناوە بۆ دیزاین كردن، بۆیە سوودم لەجلی بیانی نەكردووە، بەڵام خەیاڵ پێت دەڵێت، كە جلێكی كوردی وا هەبێ كە ئاسوودە بێ و ئاسان بپۆشرێ و تایبەت بێت ستایلێكی نوێ بێ بیر لەم جۆرە حەزانە دەكەیتەوە، كاتێك دیزاین دەكەم بیر لەتەندروستی دەكەمەوە بۆیە دیزاین كردن دەگەڕێتەوە بۆ زانست، چۆن بیر لەچۆنیەتی دەركەوتنی لەش دەكەیت لەناو جلوبەرگەكە، ستایلی نوێی جلی كوردی زۆر یارمەتی ئافرەتانی كوردستان دەدات بۆ باش بوونی تەندروستیان و بیركردنەوە لەتەندروستی خۆیان لەبواری كێشی لەشیان، تا بیر لەستایلی نوێ بكەینەوە زیاتر ئاگامان لەخۆمان دەبێ، ئەوەش وادكات كە خەڵكی بیر لەوەرزش كردن و ئاگاداری چۆنیەتی خواردن بێ بۆ ئەوەی بتوانێ جلێكی مۆدێرن بپۆشێ تا بەدوای ستایلی نوێ بین خۆمان نوێ دەكەینەوە لەڕووی تەندروستی و بیركردنەوە و ژیانی ڕۆژانەمان.
* دانانی بیرۆكەی ئاڵای كوردستان لەجلی كوردی چۆن سەری هەڵدا و تا چەند كچان دەیپۆشن؟
- دانانی بیرۆكەی ئاڵای كوردی لەبۆنەی نەورۆزەكانەوە بەدی كرا، من خۆم زیاتر ئاڵای كوردستانم بەسەر شان و قەدی كچان دەبینی لەیادەكان، بۆیە بیرم كردەوە ئاسانكاری بكرێ بۆ هەڵگرتنی ئاڵای كوردی لەم یادە پیرۆزە، ئەوەش بەتێكەڵكردنی ڕەنگی ئاڵای كوردستان لەخودی جلوبەرگەكەدا كە جوانییەكی تایبەت دەبەخشێ لەم بۆنەیە، ئێمەی كورد ساڵانێك بێبەش بووین لەهەڵدانی ئاڵای كوردستان و دەربڕینی ئەو ڕەنگە جوانانە، بۆیە ئێستا ئازادانە لەبۆنەكان دەپۆشرێن و جلوبەرگی كوردی بەئاڵای كوردستانەوە داواكاری زۆر زۆری لەسەرە بەتایبەت بۆ بۆنە كوردیەكانی وەك نەورۆز.
بەرهەمەكانی دیزاینەر نیشا
كە خۆی نمایشیان دەكات
Top