لە هەفتەیەکدا 224 هاووڵاتی مەدەنی لە سووریا کوژراون
ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا کە بارەگاکەی لە شاری لەندەنە، ئەو ئامارەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی سووریاوە دەست کەوتووە، بە گوێرەی ئەو ئامارە هەر لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا، بەهۆی بۆردمانەکانی فڕۆکە شەرکەرەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش 15 هاووڵاتی مەدەنی لە سووریا کوژراون کە لەو ژمارەیە پێنجیان منداڵ و شەشیان ژن بوون.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ 12 هاووڵاتی مەدەنی دیکە لەوانە سێ منداڵ و ژنێک بەهۆی دەستڕێژی گوللەی چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش کوژراون، هاوکات بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو و خۆتەقاندنەوەی کەسێکی خۆکۆژ 13 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون کە دوانیان منداڵ بوون.
ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاشکراشی کردووە، لەو ماوەیەدا 4 هاووڵاتیی سووری بەدستی هێزەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا کوژراون و 10 کەسی دیکەش کە سێیان منداڵ و دوانیان ژن بوون، بەهۆی تەقینەوەی بۆمب کوژراون، هاوکات سێ هاووڵاتی دیکەش لە بەندیخانەکانی سووریا لەژیر ئەشکەنجەدا کوژراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە کوژرانی 18 هاووڵاتیی مەدەنیش بەدەستی هێزەکانی سوپاسی بەشار ئەسەد کراوە کە لەوانە سێیان منداڵ و چواریان ژنن.