ئیلام.. ئەو كەسانەی دارستانەکان بسووتێنن سزای سێدارەیان پێدەدرێت

ئیلام.. ئەو كەسانەی دارستانەکان بسووتێنن سزای سێدارەیان پێدەدرێت
جێگری پێشگرتن لە تاوانی دەزگای دادوەریی پارێزگای ئیلام گوتی: "ئەگەر كەسێك بە ئەنقەست دارستان و لێڕەوارەکان ئاگر تێبەر بدات، سزای سێدارەدانی بۆ دەردەچێت."

جەعفەر دارابخانی، لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەری نیوەفەرمی ئیسنا، وێڕای ئەوەی گوتی ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکان بە ئەنقەست سزایەكی قورسی هەیە، دەڵێت: ئەگەر ئەو ئاگر تێبەردانە بە ئامانجی دژایەتیكردنی دەسەڵات بێ، یان ترس و دڵەڕاوكێ‌ لەنا خەڵكدا دروست بكات، كەسەكە تاوانبارە و سزاكەی لەسێدارەدانە."

ئەگەر ئەوەی ئاگرەكە تێبەر دەدات بە مەبەستی دژایەتیی دەسەڵات و ترساندنی خەڵك نەبێت، بەپێی یاسای 675ی یاسای سزای ئیسلامی، بە 5 ساڵ زیندان حوكم دەدرێت وێڕای ئەوەی كە دەبێ زیانە مادییەكان قەرەبوو بكاتەوە.

پاڕێزگای ئیلام لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، یەکێک لە ناوچە چڕەکان لە بواری ژینگە و دارستاندا و لە ناوچەی زاگرۆس هەڵکەوتووە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی دامودەزگا پەیوەندیدارە ژینگەییەکانی ئێران، ساڵانە بە سەدان هێکتار لەو لێڕەوارانە دەسووتێن.


Top