واشنتۆن تایمز: سەرچاوی داهاتی حزبوڵڵای لوبنان مادەی هۆشبەرە

 واشنتۆن تایمز: سەرچاوی داهاتی حزبوڵڵای لوبنان مادەی هۆشبەرە
ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمز لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات، حزبوڵڵای لوبنان كە ئێستا بە پاڵپشتیی ئێران لە سووریا لەگەڵ هێزەكانی دژی ئەسەد شەڕ دەكات، چەندین ساڵە لە ڕێگەی قەچاخی مادە هۆشبەرەكانەوە ئابووریی خۆی دابین دەكات.



لە نووسراوەیەکی ئەو رۆژنامەیەدا هاتووە كە حزبوڵڵای لوبنان بە هاوكاریی گەورەترین باندەكانی قاچاخ لە ئەمەریكای ناوەڕاست، جۆرەها مادەی هۆشبەر، بە شێوەیەكی بەرفرەوان لە ناوچە جیاوازەكانی جیهان بڵاو دەکاتەوە.



بەپێی ڕاپۆرتێكی ئەلعەرەبیە لە واشنتۆن تایمز وەرگیراوە، فەرمانگەی ڕووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە ئەمەریكا، لە ڕاپۆرتێكی فەرمیدا كە بۆ ئەندامانی كۆنگرێسی ناردووە، باس لە بەڵگەی بەهێز لەو بارەوە دەكات.



مایكڵ براون، بەڕێوەبەری ڕووبەڕوو بوونەوەی مادەی هۆشبەر لە ئەمەریكا گوتی: " حزبوڵڵای لوبنان لە كارێکدا توانیویەتی 2 تەن مادەی هۆشبەر لە جۆری كۆكائین لە ئەمەریكای باشوورەوە بگوازێتەوە ئەورووپا، هەروەها بە شێوەیەكی بەرفراوان كاری سپیكردنەوەی پارە لە سەرانسەری جیهاندا دەكات."



لە ڕاپۆرتێكی دیكەی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە كە حزبوڵڵا كاری قاچاخی مرۆڤ دەكات و لە گواستنەوەی پەنابەرە نایاساییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا بۆ ئەمەریكا، دەستی هەبووە.



ئەمەریكا پێشتر ئەو گرووپەی بەهۆی چالاكییە تیرۆریستییەكان و قاچاخ لە ریزی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان دانابوو.



پاش ڕاگەیاندنی حزبوڵڵای لوبنان لە ریزی گرووپە تیرۆریستییەكان لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریكاوە و دانانی گەمارۆ لەسەر چالاكییە ئابوورییەكانی ئەو گرووپە لە سەرانسەری جیهان، بانكەكانی لوبنان دەبوایە هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو گرووپە و چۆنیەتی كاركردن لەگەڵ بانكە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەت ئەمەریكا ئاشكرا بكەن.








باسنيوز
Top