بان كی مۆن دانی بەراستییە تاڵەكەدا نا

بان كی مۆن دانی بەراستییە تاڵەكەدا نا
بان كی مۆن، سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دانی بەوەدانا كە فشارێكی زۆری خراوەتە سەر، بۆ دەرهێنانی ناوی سعودیە‌و هەندێك لەهاوپەیمانەكانی لەلیستی رەشی ئەو وڵاتانەی پێشێلكاریان بەرامبەر مافەكانی منداڵان لەكاتی ململانێكاندا ( بەتایبەت لە یەمەن) ئەنجامداوە.

لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجامیداو رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، بان كی مۆن رایگەیاند:" ناوهێنانیان لەلیستی رەشدا وایكرد هەندێك لەوڵاتانی ئەندام هەڕەشەی بڕینی كۆمەكە داراییەكانیان بكەن لەبەرنامەگەلێكی پێویستی نەتەوەیەكگرتووەكان."

بەوتەی ئەو ئەگەر ئەوەش روویبدایە، ئەوا ملیۆنان منداڵی تر لەسەرانسەری جیهان رووبەڕوی كێشەو نەهامەتی دەبوونەوە.

سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان وتیشی "دەرهێنانی ناوی وڵاتانی هاوپەیمان لەشەڕی یەمەن كە لەلایەن سعودیە سەرۆكایەتی دەكرێت ( بۆ ماوەیەكی كاتی) سەختترین بڕیاربووە كە لەماوەی دەسەڵاتمدا دەرمكردووە".

ساڵی 2015 هەریەك لە (قەتەر، بەحرین، كوەیت، سەنیگال، ئوردن، میسر، ئیمارات، مەغریب‌و سۆدان) بەسەرۆكایەتی سعودیە هاوپەیمانێـتییەكیان پێكهێنا بۆ هێرشكردنە سەر چەكدارانی حوسی شیعە مەزهەب لەیەمەن، 25ی (ئادار/3)ی هەمان ساڵیش یەكەم هێرشی ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حوسییەكاندا بوون، ئەنجامدرا.

3ی ئەم مانگە، نەتەوەیەكگرتووەكان ناوی وڵاتانی بەشدار لەو هاوپەیمانێتییەی خستە لیستی رەشی ساڵانەی خۆیەوە، كە تایبەتە بەو وڵات و گروپانەی مافەكانی منداڵان لەململانێكاندا پێشێلدەكەن.

7ی مانگیش، ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە ناوی هاوپەیمانێتییەكەی لەلیستەكەدا دەرهێنا، لەچاوەڕوانی پێداچوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان نەتەوەیەكگرتووەكان و هاوپەیمانێتییەكە بەلیستی ناوی ئەو منداڵانەی وەك كوژراوو بریندار لە ململانێكانی یەمەندا ناویان هاتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ناوی حوسییەكان لەهەمان لیستدا مایەوە.

دەرهێنانی ناوی هاوپەیمانێتییەكە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییەی رووبەڕووی رەخنەی توند كردەوە بەتایبەت لەلایەن رێكخراوەكانی تری وەك لێبوردنی نێودەوڵەتی‌و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی كە نەتەوەیەكگرتووەكانیان تۆمەتباركرد بەملدان بۆ فشارەكانی سعودیە.

حكومەتی ریازیش ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ جۆرە فشارێكی خستبێتە سەر ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە بۆ دەرهێنانی ناوی لەلیستی رەشدا.
Top