توركیا هۆشداریی دەدات لەپێشڕەوییەكانی یەپەگە لە جەرابلوس

توركیا هۆشداریی دەدات لەپێشڕەوییەكانی یەپەگە لە جەرابلوس
شەڕڤانانی یەپەگە بەرەو جەرابلوس لەپێشڕەویدان‌و توركیاش هۆشداریی دەدات لەوەی لەئەگەری نزیكبوونەوەی یەپەگە لەسنوری وڵاتەكەی ئەوا هێرشیان دەكاتەسەر.

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی یەنی شەفەق-نزیك لەئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا- شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) بە هاوكاری ئەمریكا لەرۆژی هەشتەمی ئۆپەراسیۆنی مەنبەجدا لەبەشی باشورەوە بەدووری 35 كیلۆمەتر لەسنوری توركیا، بەرەو شارۆچكەی جەرابلوس كە لەسەر سنوری توركیایە پێشڕەوییان كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی یەنی شەفەق، یەپەگە لە 24 كاتژمێری رابردوودا لەناوچەی مەنبەج 640 كیلۆمەتر دووجای لەژێر دەستی داعش رزگاركردووەو زیاتر لە 30 گوندیشیان كۆنتڕۆڵ كردووە.

ئاماژە بەوەشكراوە كە لەبەرانبەر پێشڕەوییەكانی یەپەگە لەو ناوچەیە، توركیا بەئەمریكای راگەیاندووە كە دوای پاككردنەوەی جەرابلوس‌و مەنبەج لەداعش، دەبێت ئەو ناوچانە لەلایەن هێزە عەرەبەكانەوە بەڕێوەببرێن‌و ئەگەر هێزەكانی یەپەگەش 15 كیلۆمەتر لەسنوری توركیا نزیكببنەوە، ئەوا لێیاندەدەن، ئەمریكاش لەو باریەوە یەپەگەی ئاگادار كردۆتەوە.

رێكخراوی داعش لەساڵی 2014وە ناوچەی جەرابلوس‌و مەنبەجی كۆنتڕۆڵ كردووە‌و ئێستا بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی یەپەگەوە زۆربەی ئەندامانی داعش ئەو ناوچەیە جێدەهێڵن‌و بەرەو شارەكانی رەققەو باب هەڵدێن.

شارۆچكەی جەرابلوس 125 كیلۆمەتر لەباكوری رۆژهەڵاتی شاری حەلەبە دوورەو لەسەر ئاوی فورات هەڵكەوتووەو لەو شارۆچكەیەوە روباری فورات دەچێتە ناو خاكی سوریاو خاڵێكی سنورییە لەگەڵ توركیا.

لەهاوینی ساڵی 2012 گروپێك بەناوی ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان دوای سێ رۆژ شەڕكردن ئەو شارۆچكەیەیان لەدەستی هێزكانی سوپای ئەسەد دەرهێناو دواتر بووە بنكەی گروپی بەرەی نوسرە(سەر بە قاعیدە) ئێستاش لەژێردەستی داعشدایە.
Top