خزمەتگوزارەکانی کۆشکی سپی 2

خزمەتگوزارەکانی کۆشکی سپی 2
لە ساڵی 2001دا پوب سکانلان لە رێورەسمی گواستنەوەی نێوان بیل کلینتۆن و جۆرج بۆشی کوڕدا، رۆڵی سەرەکیی بینیوە، دەڵێت لەوەیان کارەکان بەئاسانی بەڕێوە دەچێت، چونکە ئەوان شوێنەکەیان باش دەزانی.

جۆرج بۆش لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی باوکیدا سەردانی کۆشکی سپیی کردبوو. گرووپێکی گەورە لە فەرمانبەران هاوکار بوون لە یارمەتیدانی بنەماڵەکە. بیل کلینتۆن راستییەکی باشی دەزانی کە بۆشی کوڕ، شوێنی هەموو کلیلە تایبەتییەکانی گەنجینە و دۆلابەکان شارەزا بوو، بەڵام ئەو خۆی بەرلەوەی ببێتە سەرۆک، دوو جار لە دوو بۆنەی جیاواز سەردانی کۆشکی سپیی کردبوو، یەکێکیان هێشتا هەرزەکار بووە، لەوێ لە تەنیشت سەرۆک جون کینیدی وێنەیەکیشی گرتووە، دووەم جاریش لە ساڵی 1977 بە میوانی سەرۆک جیمی کارته‌ر سەردانی کۆشکی سپیی کردبوو.

سەختیی ماڵ گواستنەوە
سەرۆک ئۆباما گواستنەوەی ماڵەکەی بۆ کۆشکی سپی لەو سەردەمە نوێیە، بە سەخت و دژوارترین گواستنەوە زانیبوو، ئەو لەناو ماڵەکەی خۆی لە شیکاگۆوە دەگوازێتەوە، تێیدا ژنێکی خزمەتگوزاری هەردوو کیژەکەشی لەگەڵ دەبێت، بۆیە کارەکە بە ماریانی دایکی میشیل ئۆباما دەسپێرن، چونکە ئۆباما وەک سەرۆکەکانی پێشوو، کلینتۆن و بۆشی کوڕ پارێزگار نەبووە، ئەو جۆرە ژیانەی نەدیبوو، بۆیە ماڵ گواستنەوەکەی کاتێکی زۆری ویستووە، تا خێزانەکە لەگەڵ دۆخە نوێیەکە دەگونجێن. لە رۆژی 20ی ینایری ساڵی 2009ی زاینی، نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار ئەمریکی لە کەشێکی ساردی چەند پلە لەژێر سفرەوە، بۆ دیتن و بەشداربوون لە دانانی یەکەم سەرۆکی ئەمریکیی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی ئامادە دەبن، ئەوەش نەک بە ژمارە زۆرترین بەشداری بووە، بەڵام گەورەترین پێشهات و رووداویش بووە لە پایتەختی ئەمریکا.

وتارێکی سەرنجڕاکێش
ئەمریکییەکان بۆ یەکەمجار، لە ساڵی 2004ی زاینی، کە باراک ئۆباما دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی پیران لە هەرێمی ئایلینوی لە کۆنگرەی نەتەوەیی حزبی دیموکراسی گوێیان لە وتاری ئەو بووبوو، لەو دەمانە هەست بە بەهرەی وتاردانی ئەو دەکەن، بۆیە بەشێوەی مووشەک بەرز دەبێتەوە و بەئاسانی و زووش دەگاتە کۆشکی سپی.

هەشت مانگ، به‌ر لە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن و ململانێیەکەی نێوان باراک ئۆباما و جۆن ماکین، تاخمەکەی ناو کۆشکی سپی سەرقاڵی گۆڕانکارییەکان بوون، ئاسانیش نەبوو بزانن کێ لەو دوو کاندیدە دەگەنە ناو کۆشکی سپی، گەورە بەرپرسی رابەرەکانی ناو کۆشکی سپی گاری وولترز، زانیاریی لەسەر هەردووکیان لە ساڵی 1986 تا 2007 کۆ دەکردەوە. لە مانگی دیسمبەر و پێش ئاهەنگی دانانەکە وولترز ئامادەکاریی بۆ هاتنی کەسی براوە دەکرد، بۆ شارەزابوون و ناسین، نامیلکەیەکی بە ناو و وێنەی دەستەی فەرمانبەران و کارکەرەکانی لەبەردەم هاوسەری سەرۆکە نوێیەکە دادەنێت.

وەک چۆن پێشتر بۆ خێزانەکەی کینیدی کراوە، بۆ خێزانەکەی ئۆباماش دەکەن، گەورە رابەری کۆشک هەمان بەرنامەی بۆ کۆتاییهاتنی کاتی سەرۆک بۆشیش کردبوو، کەرەستە و کەلوپەلەکانی سەرۆکە نوێیەکەیان دەهێنا، کۆنەکەیان دەبردەوە دەرەوە، ئەوەش هەفتەیەک پێش رۆژی دانانەکە دەکرا، هەفتەیەک بوو زۆربەی ناوماڵەکەی ئۆبامایان هێنابوو، لە نهۆمی یەکەم هەڵگیرابوون و ئامادە بوون، پاش رۆیشتنی بۆش کەرەستەکانی ئەو دەربهێنن و کەرەستە نوێیەکانی ئۆباما دابنێن، ئەگەرچی بۆش زۆر پەلەی لە کارمەندەکان کردبوو، بەڵام گەورە بەرپرسەکەی ناو کۆشک، ستیڤن روشیۆن پەرۆش بوو گواستنەوەکە لەبەر چاوی خێزانەکەی بۆش نەکرێت، نەوەک بارکردنەکە بە دەرکردن و دوورخستنەوە ببینن.

ئاهەنگی یەکترناسین
زوو دەستەی راوێژکارەکانی ئۆباما پەیوەندیی بە تاخمی ناو کۆشکی سپییەوە دەکەن، بۆ نموونە نانسی کلارک، ژنەکەی گوڵی بۆ کۆشک دەفرۆشت، لەلایەن رێکخەری دیکۆرەکانی ناو ژوورەکەی ئۆباما قسەی لەگەڵ کرابوو، مایکل سمیس دانوستانی پێویستی لەسەر کەرەستەکانی دانانی گوڵ لەناو ژوورە تایبەتییەکەی ناو نووسینگە هێڵکەییەکە کردبوو، تێیدا شەوی دانانەکە ئەندامانی خێزانەکە و برادەرەکانی سەرۆک شەوەکەی لەوێ کۆ دەبنەوە. چەند هەفتەیەک بەر لە رۆژی ئاهەنگەکە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی نزیک لە سەرۆک ئۆباما، دیزیری رۆجرز لەگەڵ ژنە پسپۆرەکەی گوڵ قسەیان لەسەر چۆنیەتیی گوڵ و مۆم و کەرەستەکانی جوانکاری و گوڵە ناوازە دەگمەنەکان کردبوو، کە لەو شەوە بەکار دەهێنرێن.

سەرۆکە نوێیەکە بەشی خۆرئاوای کۆشکی سپیی پڕ کردبوو لە کەسە دڵسۆزەکانی رۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە، ئەوان و کەسانی لە ژیانی سیاسی لەو نزیک بوون، بەتایبەتی سەرەتاکانی کاری سیاسی، لەوانە پەیڤدارەکەی رۆبرت گیبس، کە پۆستی پەیڤداری کۆشکی سپیی پێ بەخشیبوو، هەروەها ڤالیری گاریتی دەکاتە راوێژکار، هەروەها هاوسەرەکەی میشیل، ژنە یاریدەر و هاوڕێیەکانی هێنابوو، ئەوانەی چەند ساڵ بوو ئیشیان بەیەکەوە کردبوو، لەوێ پێی گووتبوون من قەرزباری ئێوەم، دوو رۆژ پاش گەیشتنی خاتوونی یەکەم ئۆباما، داوا دەکات کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تاخمی ناو کۆشک بکات، پێیان دەڵێت ئێمە لەو کاروانە بەیەکەوە دەبین، داوای کردبوو هەموویان خۆیان بناسێنن.











باسنيوز
Top