نەتەوەیەكگرتووەكان: زانیاریی متمانەپێكراومان هەیە لەسەر كوشتن‌و ئەشكەنجەدانی هەڵهاتووانی فەلوجە

نەتەوەیەكگرتووەكان: زانیاریی متمانەپێكراومان هەیە لەسەر كوشتن‌و ئەشكەنجەدانی هەڵهاتووانی فەلوجە
بەرپرسێكی باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، كە زانیاریی متمانەپێكراویان لەسەر "ئەشكەنجەدان‌و كوشتن"ی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانە لەبەردەستدایە كە لەناوچەكانی ژێردەسەڵاتی داعشەوە، بە تایبەت لە شارۆچكەی فەلوجەوە بۆ لای گروپە چەكدارەكانی سەربە هێزەكانی ئاسایشی عیراق هەڵهاتوون.

نوێنەری باڵای كاروباری پەنابەرانی نەتەوەیەكگرتووەكانیش كە سەردانی كەمپێكی ئاوارەكانی فەلوجەی كردووە، دەڵێت"لەئێستادا تراژیدیایەكی دیكەی مرۆیی لەفەلوجەدا روودەدات و خراپتر لەمەش بەڕێوەیە".

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، زەید رەعد حسێن، كۆمسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوەیەگرتووەكان ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە "هەواڵ‌و زانیاریی متمانە پێكراویان پێگەیشتووە لەبارەی ژمارەیەك پیاو و مێردمنداڵی هەڵهاتووی ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعش كە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عیراق‌و میلیشیا شیعەكاندا كوژراون".

ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەشڵێت"شایەتحاڵان چۆنیەتی راگرتنی پیاو و مێردمنداڵە هەڵهاتووەكانی شاری فەلوجەیان لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە هێزەكانی ئاسایشی عیراقەوە بەمەبەستی پشكنینی ئەمنی روونكردووەتەوەو ئەمەش لەهەندێك حاڵەتدا، پێشێلكاریی جەستەیی‌و جۆرەكانی دیكەی ئەشكەنجەدانی بەدوای خۆیدا هێناوە".

زەید رەعد لەدرێژەی بەیاننامەكەدا باسیلەوەشكردووە كە بەرپرسانی عیراق مافی یاسایی خۆیانە پشكنین بۆ هەركەسێك بكەن كە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە رووبەڕوویان دێن، تاوەكو دڵنیابن مەترسیی ئەمنییان بۆ دروست ناكەن، بەڵام دەبێت ئەو پڕۆسەیە لەلایەن كەسانی یاسایی فەرمییەوە بەڕێوەببرێت.

"زۆر گرنگە ئەو كەسانەی ئاڵۆزییەكانی دەورووبەری فەلوجە جێدەهێڵن بە پلەی یەكەم وەك هاوڵاتیی مەدەنی بخەمڵێندرێن، مەگەر بەڵگەی تەواو و بەهێز پێچەوانەكەی بسەلمێنێت".بەرپرسەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان وادەڵێت.

زەید، لەبەیاننامەكەدا داوای لەبەرپرسانی باڵای شیعە مەزهەبی عیراق كردووە كە هەنگاوی جددی بە ئاڕاستەی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنیی شاری فەلوجەدا بنێن و هەموو ئەو كەسانە سزابدەن كە مافەكانی مرۆڤ پێشێلدەكەن.

كانونی دووەمی 2014 چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵی شارۆچكەی فەلوجە-یان كرد كە سەر بەپارێزگای ئەنبارەو 60 كیلۆمەتر لە باكوری خۆرئاوای بەغدای پایتەخت دوورە.

دوای كۆنتڕۆڵكردنیشی لەلایەن داعش، سوپای عیراق لەسەرجەم دەروازەكانییەوە گەمارۆی خستە سەر ئەو شارۆچكەیەو رێگەی هاتن و چوونی قەدەغەكرد، ئەوەش وایكرد دانیشتووانەكەی لەلایەك رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش ببنەوە كەلەناو شارۆچكەكەدا بوون، لەلایەكی تریشەوە رووبەڕووی برسێتی بوونەوە بەهۆی ئەوەی هیچ پێداویستییەكی رۆژانەیان بەدەست نەدەگەیشت.
23ی مانگی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو شارۆچكەیەی راگەیاندو تائێستا بەردەوامە.

لەئێستادا نزیكی 50 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ناو فەلوجەدا لەنێوان شەڕ و پێكدادانەكانی سوپای عیراق و چەكدارانی داعش ماونەتەوە و لەبارودۆخێكی سەختی ژیاندان، ناوبەناویش هەندێكیان هەوڵی هەڵهاتن لەو شارۆچكەیە دەدەن.

لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی فەلوجەو هەڵهاتنی خەڵكی ئەو شارۆچكەیە، هێزەكانی عیراق‌و حەشدی شەعبی چەندینجار تۆمەتبار كراون بە كوشتن‌و ئەشكەنجەدانی هەڵهاتووانی فەلوجە، بەتایبەت سوننەكانی عیراق چەندینجار نارەزایی توندیان دەربڕیوە بەوپێیەی خەڵكی ئەو شارۆچكەیە سوننە مەزهەبن‌و هێزە عیراقییەكان بەگشتی شیعەن.

هاوكات ئەمڕۆ سێشەممە لەبەیاننامەیەكی كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەرانی نەتەوەیەكگرتووەكاندا، كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە ئەوەخراوەتەڕوو كە برونۆ گیدۆ، نوێنەری باڵای كاروباری پەنابەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان، سەردانی كەمپی زوربەی لەعامریەی فەلوجە كردووەو لەبارەی دۆخی ئاوارەكانی فەلوجەوە دەڵێت"لەئێستادا تراژیدیایەكی دیكەی مرۆیی لە فەلوجەدا روودەدات و خراپتر لەمەش بەڕێوەیە".

نوێنەری باڵای كاروباری پەنابەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەشڵێت"ئەمڕۆ چاوم كەوت بەو خێزانانەی ناچاربوون سێ بۆ چوار شەو لەدەرەوەی ماڵەكانیان پێش تێپەڕاندنی رووباری فورات بەرەو ئاسایش و ئارامی بپەڕنەوە. پێیانوتم كە ژمارەیەك لە رووبارەكەدا خنكاون‌و هەندێكی دیكە تەقەیان لێكراوەو بەوهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە".

گیدۆ لەدرێژەی وتەكانیدا دەڵێت"پیاو و كوڕانی پێگەیشتوو، بەمەبەستی بەڕێوەچوونی پشكنینی ئەمنی لە خێزانەكانیان جیادەكرێنەوە. لەگەڵ پێزانینی گرنگیی پشكنینی ئەمنیدا رێكخراوی UNHCR داوادەكات پڕۆسەكە بەشێوەیەكی مرۆییانەو شەرەفمەندانە بەڕێوەبچێت، بەجۆرێك كە لەگەڵ ستانداردەكانی مافەكانی مرۆڤدا یەكبگرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەو راپۆرتانەی لەبارەی ئەشكەنجەو مامەڵەی هەڵەی میلیشیا چەكدارەكانەوە پێمان گەیشتووە".

Top