ئەردۆغان هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتارانی واژۆ کرد

 ئەردۆغان هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتارانی واژۆ کرد
لە دوایین رۆژی وادەی دیاریکراودا بۆ واژۆکردنی یاسای هەڵگرتنی پارێزبەندییەکانیان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڕیارەکەی پەرلەمانی واژۆ کرد بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەو پەرلەمانتارانەی دۆسیەیان لەسەر کراوەتەوە.

بە پێی یاساکانی تورکیا، لەماوەی 15رۆژدا دەبێت سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بڕیارەکەی پەرلەمان پەسەند بکات، یاخود بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان، بەو پێیەی پەرلەمان لە 24-5-2016دا یاساکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار کرد، ئەردۆغان دەبوایە تاوەکو رۆژی چوارشەممە 8-6-2016 واژۆی لەسەر یاساکە بکردایە یاخود بیگەڕاندایەتەوە بۆ پەرلەمان.

ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 7-6-2016 لە راگەیێندراوێکدا واژۆکردنی یاساکەی لەلایەن ئەردۆغانەوە ئاشکرا کرد. ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا راشیگەیاند، یاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا کراوە بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوی بکاتەوە.

بەبڵاوبوونەوەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمی تورکیا، لە ماوەی 15رۆژدا داواکارانی گشتیی تورکیا پرۆسەی دادگایی ئەو پەرلەمانتارانە دەستپێدەکەن کە دۆسیەیان لەسەر کراوەتەوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان رایگەیاندبوو کە ئەگەر داواکاری گشتی بانگهێشتی دادگایان بکات ناچنە بەردەم دادگا. بەوهۆیەوە رەنگە داواکاری گشتیی بڕیاری دەستگیرکردنی بەزۆریان بۆ دەربکات.

پارتی دیموکراتی گەلان راشیگەیاندبوو، ئەگەر ئەردۆغان بڕیارەکە واژۆ بکات، ئەوا لە دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا سکاڵا تۆمار دەکەن.

رۆژی هه‌ینی 20-5-2016 په‌رله‌مانی توركیا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی بۆ ده‌نگدان لەبارەی رەشنوسی پرۆژەیاسایەکەوە بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر 138 په‌رله‌مانتار ئه‌نجامدا و به 376 ده‌نگی به‌ڵێ له‌ به‌رامبه‌ر 140 ده‌نگی نه‌خێر په‌سندکرد. دوای 4رۆژ بڕیارەکەی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کرد.

667 دۆسیە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی 138 پەرلەمانتار رەوانەی پەرلەمان کرابوون، زیاد لە نیوەیان بە تەنیا لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بوون کە 405 دۆسیە بوون و جەهەپە 192 دۆسیە، ئاکپارتی 46 دۆسیە و مەهەپە 20 و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ 5 دۆسیە.

405 دۆسیەی هەدەپە لەسەر 50 پەرلەمانتاری پارتەکەن. 192 دۆسیەی جەهەپە لەسەر 51 پەرلەمانتاری پارتەکەن و 46 دۆسیەی ئاک پارتی لەسەر 27 پەرلەمانتاری ئەو پارتەن، 20 دۆسیەی مەهەپەش لەسەر 9 پەرلەمانتارن.

دوای ئەوەی سەرجەم پەرلەمەنتارانی پارتی دیموکراتی گەلان HDP و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماریی CHP سکاڵایان بۆ دادگای دەستووریی تورکیا بەرزکردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمان دابووی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران، بەڵام دادگای دەستوری رۆژی 3-6-2016 رەتکردنەوەی داواکاری پەرلەمانتارانی راگەیاند.
Top