ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا: ئەگەر شەرەفتان هەیە مێژووناسان بنێرن بۆ لێکۆڵینەوە

 ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا: ئەگەر شەرەفتان هەیە مێژووناسان بنێرن بۆ لێکۆڵینەوە
سەرۆککۆماری تورکیا لێدوانی راوێژکاری ئەڵمانیای رەتكردەوە کە رایگەیاندبوو پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا هێندە بەهێزن، بڕیارەکەی پەرلەمانی بەرلین بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆکوژی ساڵی 1915ی ئەرمەنەکان كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە نابێت و، گوتی "با دڵی خۆیان خۆش بکەن، بەڵام ئەم بڕیارەی پەرلەمان کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانمان".

لە گوتارێکدا كە لە مەراسیمی دەرچوونی قووتابیانی زانکۆی سەباحەدین زەعیم لە ئیستەنبوڵ پێشكەشیكرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، جارێکی دیکەش هێرشیکردەوە سەر ئەڵمانیا، بەهۆی بڕیارێکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆکوژی ساڵی 1915ی ئەرمەنەکان و گوتی "ئەگەر شەرەفتان هەیە یاساناس و مێژووناسەکانتان بنێرن تا لە ئەرشیفی بەڵگەکانمان بکۆڵنەوە و بزانن راستییەکان بەپێچەوانەی بڕیارەکەی ئێوەیە یان نا."

لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەڵمانیاوە ئەردۆغان گوتی: "کەسانێک دەڵێن بڕیارەکەی پەرلەمان کار ناکاتە سەر پەیوەندییەکانمان، با دڵی خۆیان خۆش بکەن، چۆن کار ناکاتە سەر پەیوەندییەکانمان؟".

ئەردۆغان ئەڵمانیای بەوە تۆمەتبارکرد بەدوای هاوبەشێکدا دەگەڕێت بۆ تاوانەکانی خۆی و گوتی: "ئێوە بەدوای هاوبەشێکدا دەگەڕێن بۆ تاوانەکانتان، ئەوە ئێمەنین ببینە هاوبەشتان. ئەی ئەڵمانیا، چۆن باجی هۆڵۆکۆست دەدەیت؟ ئێوە دوایین وڵاتن کە بتوانن دەنگ لەسەر ئێمە بدەن، مێژووی ئێمە کۆکوژی نییە، بەڵکو مێژووی بەزەییە. ئێمە گومانمان لە دەستنوێژەکەمان نییە تا گومانمان لە نوێژەکەمان هەبێت."

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە حکومەتی فەرەنسا گرت کە هێرشیکردووەتە سەر خۆپیشاندەران و گوتی: "لەکاری رووداوەکانی پارکی گێزیدا هەندێک بەناو دۆست لە ئەوروپا پەیوەندییان پێوە دەکردم و دەیانگوت؛ نیگەرانین لە رووداوەکان. منیش هەمان دەستەواژە بەکاردەهێنم بۆ فەرەنسا؛ نیگەرانم بەرامبەر بە رووداوەکان، ژن و پیاو پێکەوە رادەکێشن بەسەر شەقامەکاندا."
Top