لەیلا زانا پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆككۆماری توركیا دەكات

لەیلا زانا پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆككۆماری توركیا دەكات
سیاسەتمەداری ناوداری كورد (لەیلا زانا) لە پەیامێكدا كە راستەوخۆ ئاڕاستەی سەرۆككۆماری توركیای كردووە، داوا دەكات سەرۆك هەموو پارتییە ئۆپۆزسیۆنەكان كۆ بكاتەوە و، بە یەكەوە ئەو ئازارەی هەیانە دابەشی بكەن، چونكە ئێستا توركیا لەناو ماتەمینێكی گەورەدایە.

(لەیلا زانا) پەرلەمانتاری هەدەپە، لە پەیامێكدا، كە ئاڕاستەی سەرۆككۆماری توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان)ـی كردووە، دەڵێت، تووڕەبوون لەسەر تووڕەبوون ئەنجامەكەی بە ئازار كۆتایی دێت، بۆیە بۆ هێوربوونەوەی بارودۆخەكە با سەرۆككۆمار هەموو پارتییە ئۆپۆزسیۆنەكان كۆ بكاتەوە.

ئەمەیش دەقی پەیامەكەی (لەیلا زانا)ـیە:

"بەڕێز سەرۆككۆماری توركیا، خۆت هەموو پارتییە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا كۆ بكەوە و دانیشتنیان لەگەڵدا بكە، چونكە ئەم ئازارە، ئازاری هەموومانە. ئەو كەسانەی لە تەقینەوەكەی ئانكارادا شەهید بوون، هەموویان دەناسم و ناوەكانیانم لەبەرە، تووڕەین و ئازارەكەمان گەورەیە، بە ڕاستی لە یاخیبوونداین، بەڵام (یوونس ئەمرە) گوتەیەكی جوانی هەیە كە دەڵێت، تووڕەیی لە هەنگوین شیرینترە، وەلێ میوەكەی تاڵە. تووڕەیی، دووبارە تووڕەیی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە دەبێت هەموومان كۆ ببینەوە و، وانە لەو هەڵانە وەربگرین كە پێشتر كراون. هەڵبژاردن دەڕوات و دێت، هیچ یەكێك لە ئێمە هەوڵ بۆ پۆست نادەین، ئێمە ماوەی 40 ساڵە هەمیشە تەرمی رۆڵەكانمان بە بەدینەهێنانی دەیان مرازەوە دەخەینە ژێر گڵەوە".
Top