سەدان سەربازی ئێرانی لە نزیک حەلەب جێگیر دەکرێن

 سەدان سەربازی ئێرانی لە نزیک حەلەب جێگیر دەکرێن
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و چالاکانی سووری ئاماژەیان بەوەدا، سەدان سەربازی ئێرانی لە باکووری سووریا جێگیرکراون، بۆ ئەوەی وەکو هێزی پشتیوانیی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا کار بکەن.

بەپێی بەرپرسانی ئەمریکی، ئامانج لە جێگیرکردنی هێزی سەربازیی ئێران بەشداریکردنە لە ئۆپەراسیۆنێک لە نزیک شاری حەلەب، لە کاتێکدا هەفتەی پێشوو چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پێشڕەوی بەرچاویان لە ناوچەکانی دەوروبەری ئەم شارەدا کردووە.

پێشڕەوی چەکدارانی داعش لە حەلەب و دەورووبەری دوای ئەوە دێت، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی چەند رۆژی پێشووی رووسیا چەکدارانی بەرەی نوسڕە ناچاربوون ئەم ناوچانە چۆڵبکەن.

هەندێک سەرچاوە هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئێرانی لە پارێزگای حەما و چیاکانی دەورووبەری لازقییە جێگیرکراون.

لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا سێ بەرپرسی باڵای سەربازیی ئێران لە سووریا کوژراون، کە بەرچاوترینیان حوسێن هەمەدانی بوو، هەروەها کۆمەڵێک وێنەی نوێ لەسەر ماڵپەڕە جیهانییەکان قاسم سولەیمانی لە کاتی پێشکەشکردنی گوتار بۆ سوپای قودس لە سووریا پیشان دەدەن.

ئێران پێشتریش لە رێگەی راوێژکاری سەربازیی هاوکاری سوپای سووریای کردبوو، بەڵام بەشداری سەربازیی و هێزی وشکانی بە مانای قووڵبوونەوەی بەشداری ئەم وڵاتە لە قەیرانی سووریادا دێت.














رووداو
Top