رێژەی داواکردنی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن لە ئیسرائیل زیادیکردووە

 رێژەی داواکردنی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن لە ئیسرائیل زیادیکردووە
کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان و هێرشی ئەم دواییانەی گەنجە فەڵەستینییەکان بە چەقۆ بۆ سەر ئیسرائیلییەکان، وایکردووە داواکاری لەسەر کڕینی چەک لای دانیشتووانی ئیسرائیل زیاد بکات.

لە دیدی ئیسرائیلییەکان، بوونی چەکی تایبەت، وادەکات زیاتر هەست بە ئاسایش بکەن لەدژی هێرشی گەنجە فەڵەستینییەکان، کڕیارێکی چەکیش دەڵێت" خەڵکی ئیسرائیل بەبەرپرسیارییەوە رەفتار لەگەڵ چەک دەکەن".

لە ساڵی 1948ەوە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین پەرە دەسەنێت و تا ئێستاش ئەو ناکۆکیانە هەر بەردەوامن.

بەهۆی ململانێی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو نەتەوەیەش، تا ئێستا چەندین کەس لە هەردوولا بوونەتە قوربانی.
هاوکات، هێرشی ئەم دوایانەی گەنجە فەڵەستینییەکان بە چەقۆ بۆ سەر ئیسرائیلییەکان، ترسێکی زۆری لە دڵی ئیسرائیلییەکان چاندووە، بۆیە ئێستا، ئیسرائیلییەکان بەدەر لە پشت بەستن بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان، هەوڵدەدەن خۆیان چەک هەڵگرن و بەرگری لە خۆیان بکەن.

یار یفراچ، خاوەنی دوکانی چەک فرۆشتن رایگەیاند" خواستی هەبوونی مۆڵەتی چەک زۆر بە خێرایی زیادی کردووە، حەزی چەک، کڕینی چەک و گۆڕینی چەکی کۆن بە چەکی تازە، خواستێکی زۆری لەسەرە لەلایەن خەڵکەوە".

لەگەڵ ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل، خوازیاری ئەوەیە چەکی تایبەت بەخۆی هەبێت و لە کاتی پێویستدا بەهۆی چەکەکەوە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام لە ئیسرائیل بۆ ئەوەی چەکت پێبێت، دەبێت مۆڵەتت هەبێت و ئێستاش خواست لەسەر کڕینی چەک لەو وڵاتە زۆر رووی لە زیادبووندایە.

یار یفراچ، دەڵێت " خواستێکی زۆر هەیە لەسەر ئامرازەکانی بەرگری لە خۆکردن، ئینجا ئەو ئامرازە گاز بێت، کاخەزی سپڕای بێت، یاخود شۆکەر. هەروەها کڕینی چەک بۆ بەرگریکردن لە خۆ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە تۆ پێویستیت بە مۆڵەتە بۆ ئەوەی چەک هەڵبگریت. خواستێکی یەکجار زۆر هەیە لەسەر کڕینی چەک لەسەرانسەری وڵات، چونکە خەڵک دەترسێت و ناشتوانیت ئەو ترسە فەرامۆشبکرێت. پێشتریش گوتوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە، بەداخەوە ئێمە لە سویسرا ناژین، ئێمە لە ئیسرائیل دەژین"

لە دیدی ئیسرائیلییەکان، بوونی چەکی تایبەت، وادەکات زیاتر هەست بە ئاسایش بکەن لە دژی هێرشی گەنجە فەڵەستینییەکان، کریارێکی چەکیش لەم بارەوە دەڵێت خەڵکی ئیسرائیل بەبەرپرسیارییەوە رەفتار دەکەن، هیچ هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی بەبێ مۆڵەت چەک هەڵناگرێت، هۆکاری سەرەکیش کە من دەمەوێت چەکم هەبێت، پاراستنی ئاسایشی خۆمە.

یێتژاک، کڕیاری چەک دەڵێت" لەبەر ئاسایش دەمەوێت چەکم هەبێت، ئەگەر وابیردەکەمەوە خەڵکی هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکەن؟ نا، وا هەستدەکەم خەڵکی ئیسرائیل زۆر بەپرسیارنە رەفتاردەکەن، ئێمە لە دەورووبەرمان سەرباز هەیە و چەکیان پێیە، هەروەها خەڵکیش هەیە لەم دەورووبەرە چەکی پێیە. ئەوان چەکەکانیان ناشارنەوە ، بەڵکو بە ئاشکرا پێیانە و زۆر هۆشیارن، بۆ نمونە کاتێک دەچیتە مۆڵێک، ئاسایشی لێیە و دەتپشکنێت. کاتێک دەچیتە سوپەر مارکێتێک بەهەمان شێوە، ئەوەش بۆ دڵنیا بوونە لەوەی کە تۆ مۆڵەتی چەکهەڵگرتنت پێیە، هەربۆیە خەڵکی بەبێ مۆڵەت چەک هەڵناگرن و هیچ کەس بەبێ خۆتۆمارکردن چەکی پێنییە"

تا دێت، رۆژ دوای رۆژ ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان رووی لە زیادبووندایە و رۆژانەش هێرشی فەڵيستینییەکان بەچەقۆ بۆسەر ئیسرائیلییەکان بەردەوامە، بەڵام لەمە بەدوا ئیسرائیلییەکان بە چەکە تایبەتییەکان وڵامی هێرشەکانی فەڵەستیننەیاکان دەدەنەوە و ئەمەش ئاگرەکە بڵێسەدارتر دەکات.








رووداو-
Top