ژمارەی کوژراوەکانی تەقینەوەکانی پایتەختی تورکیا بەرز بووە

ژمارەی کوژراوەکانی تەقینەوەکانی پایتەختی تورکیا بەرز بووە
وەزیری تەندروستی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ژمارەی کوژراوەکانی تەقینەوەکانی ئەنقەرە گەیشتووتە 86 کەس. وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە ئاماژەشی دا کە 62 کەس لە شوێنی تەقینەوە و 24 کەسیش لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە.

بە گوێرەی هەواڵی "یۆرۆ نیوز"، بە وتەی بەرپرسانی فەرمی بارودۆخی تەندروستی 28 کەس لە بریندارەکان خراپە. بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە، تەقینەوەکان لە لایەن کەسانی خۆکوژ ئەنجام دراوە. بڵاو کردنەوەی وێنەکانی پەیوەندیدار بە تەقینەوەکانی ئەمڕۆ لە لایەن میدیاکانی ئەو وڵاتە قەدەغە کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاندووە، داوای لە گەریلاکانی خۆی کردووە تاکو بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا هیچ جۆرە چالاکییەکی گەریلایی ئەنجام نەدەن.

ئەو تەقینەوانە لە میانەی بەرێوەچوونی خۆپێشاندنای ئاشتیانەی یەکێتییەکانی کرێکاری و گروپەکانی مەدەنی و لە نزیک وێستگەی ناوەندی شار رووی دا. زۆربەی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە کورد بوون و ئاڵای پارتی دیمۆکراتی گەلان (هەدەپە)یان پێ بوو.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆبوونەوەی نائاسایی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و ئاسایشی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە. تاکو ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیاریەتی ئەو تەقینەوانەی نەگرتووتە ئەستۆ، بەڵام بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە، ئەگەری ئەوە هەیە هێرشێکی تیرۆریستی بووبێت.

جێی ئاماژەیەـ بڕیارە لە سەرەتای مانگی نۆڤێمبەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەرێوە بچێتەوە.
Top