ئێران لەڕێگای قاسم سولەیمانییەوە ڕووسیای هێنایە سووریا

 ئێران لەڕێگای قاسم سولەیمانییەوە ڕووسیای هێنایە سووریا
ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس لە زاری چەند بەرپرسێکی عێراقییەوە ئاشکرای کردووە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس دەورێکی کاریگەری هەبووە لە دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانیی ڕووسیا لەناو خاکی سووریادا.

بەپێی هەواڵەکەی ئەسۆشەیتد پرێس قاسم سولەیمانی پێشنیازی دروستکردنی هاوپەیمانی عێراق و ئێران و ڕووسیا و سووریای کردووە.

ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس لە زاری دوو بەرپرسی عێراقییەوە کە ناوی نەهێناون ڕایگەیاندووە "فەرماندەی سوپای قودس بە ڤیلادیمێر پوتینی وتووە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لە سووریا پێویستییەکی ئێستاییە.

ئەوە لەکاتێدایە کە پێشتریش ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندبوو، دەستیپێکردنی هێرشی ئاسمانیی رووسیا لە سووریا دوای گفتوگۆی نێوانی قاسم سولەیمانی و بەرپرسانی ڕووسیا دێت.

پێشتر ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕووسیا وەک ئاژانسی سپۆتینیک ڕایانگەیاندبوو "ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر چەکدارانی داعش چونکە دەوڵەتی ئیسلامی لە بەرنامەیدایە کە ویلایەتێکی تازە لە کۆماری چیچیان و ئاینگوشتیا و کاباردا بکەنەوە، بۆ مەتەرسی دروستکردن لەسەر ڕووسیا".

هەفتەیەک لەمەو پێش ڕووسیا هێرشی ئاسمانی خۆی لەناوخاکی سووریادا دەست پێکرد و ئەمەریکاش ڕایگەیاند لە %٩٠ ی هێرشەکان بۆسەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا بووە نەک داعش.

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ ڕووسیا لە دەریای قەزوینەوە ٢٦ موشەکی دوور هاوێژی ئاڕاستەی بنکەکانی چەکدارانی داعش کرد لەناو خاکی سووریادا کە بەشێک لەو موشەکانە بەئاسمانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕین.







سەرچاوەكان
Top