دەیان کەس لە حەرەمی مەککە بوونە قوربانی

دەیان کەس لە حەرەمی مەککە بوونە قوربانی
دەیان کەس لە حەرەمی مەککەی پیرۆز بەهۆی کەوتنی بەرزکەرەوەیەکی ئاسنین بوونە قوربانی ، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تاوەکو ئێستا 65 کەس گیانیان لەدەستداوەو 154 کەسی دیکەیش بریندار بوون کە بەهۆی گەورەیی رووداوەکە چاوەڕێ دەکرێت رێژەی قوربانیان بەرزبێتەوە. لەنێو بریندارەکانیشدا 3 حاجی کورد هەیە کە یەکێکیان قاچی شکاوە.
ئەو رووداوە بەهۆی باران و لافاوێکی زۆر بووە لە شاری مەککە لەرۆژی هەینی 11-9-2015 و بووە هۆی ئەوەی یەکێک لە بەرزکەرەوە ئاسنینەکانی ناو حەرەمی مەککە بڕوخێت.
کاروان ستوونی ئەندامی شاندی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف بۆ حەج راگەیاند:" هەوڵدەدەین تەواوی زانیارییەکان دەربارەی بوون یان نەبوونی حاجیانی کورد لەنێو قوربانیانی ئەو رووداوە کۆبکەینەوە و لەرێگای راگەیاندنەکانەوە بە خەڵکی کوردستانی رابگەیێنین".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف سەردار قوربانی بە راگەیاند:" چەند حاجییەکی کورد بریندار بوون کە یەكێکیان حاجییەکی خەڵکی شاری دهۆکە و قاچی شکاوە".
هەروەها کاروان ستوونی، ئەندامی شاندی وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند کە" تاوەکو ئێستا ئاگاداری ئەوەن کە 3 حاجی کورد برینداربوون و لە نەخۆشخانەکانی سعوودیەن".
Top