داودئۆغڵو: "پێداگرین لەسەر شەڕی دژی تیرۆر"

داودئۆغڵو:
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەگەڵ سەرۆكی كۆنسەی ئەورووپا دۆنالد توسكدا كۆ بووەوە و لە دوای كۆبوونەوەكە داودئۆغڵو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا نێوەڕۆكی دیدارەكەی خستەڕوو.

داودئۆغڵو گوتی: "لە دیدارەكەدا بێجگە لە پەیوەندیی دوو قۆڵی، باس لە پرسی تیرۆر و شەڕی دژی تیرۆر كرا و سوپای توركیا بەردەوام دەبێت لەسەر شەڕی دژی پەكەكە، دەهەكەپەجە و داعش و هەروەها سوپاسی كۆنسەی ئەورووپا دەكەم كە لەو چوارچێوەیەدا هاوسۆزی توركیا بووە".

ئەو زیاتر گوتی: "ئەم پێشهاتانە ئەوە دەسەلمێنن كە تیرۆر جیاوازی لە نێوان نەتەوە و ئایین ناكات و تاوانێكی مرۆڤایەتییە، هەر چۆن لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە پاڵ ئەورووپا و شان بەشانی وڵاتانی ئەورووپایی بوون، هەر بە هەمان شێوە جەختم لەسەر شەڕی هاوبەش و شان بەشانی دژی پەكەكە كردەوە كە لەم هەفتانەی دواییدا چەندین سەرباز و پۆلیسی ئێمەی كوشتووە".

داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "لەبارەی شەڕی دژی تیرۆرەوە زانیاریم پێشكەشی توسكا كرد بەتایبەتی لە بواری دارایی تیرۆردا چەندین هەنگاوی گرنگ هەن كە پێویستە لەلایەن ئەورووپاوە جێبەجێ بكرێن و جەختم لەوە كردۆتەوە كە هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەش پێویستە".

داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دوای رەحمەتی بۆ پۆلیس و سەربازانی كوژراو، گوتی: "پێویستە هەموان پێداگربوونی ئێمە لە شەڕی دژی تیرۆر بزانن. ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانیی توركیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دوێنێ و ئەمڕۆش درێژەیان هەبووە و زۆر بەباشی ئەو ئۆپەراسیۆنانە ئامانجەكانیان پێكاوە".














































AA
Top