خامنەیی: ئێران لە سەر هیچ بابەتێکی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا دانۆستان ناکات

خامنەیی: ئێران لە سەر هیچ بابەتێکی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا دانۆستان ناکات
بەو شێوەیە کە دیارە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و گروپی 5+1 نەبووە هۆی دروست بوونی قوناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا، ئەو کاتەی کە رێبەری ئێران جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە وڵاتەکەی جگە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لە سەر هیچ بابەتێکی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا دانۆستان ناکات.


بە گوێرەی هەواڵی "بی بی سی"، ئایەتۆللا "خامنەیی" رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەمەریکا بە وای "شتێک بەناوی دانۆستان لەگەڵ ئێرانن، دانۆستان بیانووە، دانۆستان ئامرازێکە بۆ کارتێکەری، دانۆستان ئامرازێکە بۆ سەپاندنی داواکارییەکان":

رێبەری ئێران لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی دا: "ئێمە رەزامەندیمان دەربڕی لە سەر دانۆستان لەگەڵ ئەمەریکا تەنیا لە بابەتی ئەتۆمی و بۆ مەبەستی دیاریکرا و سوپاس بۆ خوا، دانۆستانکارەکانمان کاری باشیان ئەنجام داوە".

جەختکردنەوەی رێبەری ئێران لە سەر بەرێوەنەچوونی هەر دانۆستانێکی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە رۆژی رابردوو "حەسەن روحانی" سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندبوو، ئێران ئامادەیە لە سەر قەیرانی سوریا گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی جیهانی لەوانەش ئەمەریکا بکات. رێبەری ئێران گوتویەتی: "لەگەڵ هەموو دونیا دانۆستان دەکەین، لەگەڵ ئەمەریکا دانۆستان ناکەین".

رێبەری ئێران سەرەڕای ئەوەش هەرەشەی لە ئیسرائیل کردووە و لەوبارەوە گوتویەتی: "هەندێک لە ئیسرائیلییەکان گوتوویانە لە ئاکامی ئەو وتوێژەکانی ئەتۆمی تا 25 ساڵی داهاتوو لە دەستی ئێران رزگاریمان بووە، بەڵام ئێمە بە ئێوە دەڵین ئێوە 25 ساڵی داهاتووی نابینن و بە یارمەتی خۆا شتێک بە ناوی ئیسرائیل لە ناوچە بوونی نابێت".

Top