ئۆسترالیا بەشداری لە هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان دژ بە داعش دەکات

ئۆسترالیا بەشداری لە هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان دژ بە داعش دەکات
"تۆنی ئابۆت" سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالیا پشتراستی کردۆتەوە کە وڵاتەکەی بەنیازە بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکانی دژ بە داعش لە سوریا بکات و راشیگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیی هەیە بۆ وەرگرتنی 12 هەزار پەنابەر لە ئاکامی قەیرانی مرۆیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەری "ئەلعەربیە"، سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالیا راشیگەیاند، هەر دوو بابەتی هێرشی سەربازی و هەروەها وەرگرتنی پەنابەر دەکەونە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی.

ئۆسترالیا ساڵێک لەمەوبەر چالاکییەکانی بۆ ئەگەری رووبەروو بوونەوە مەترسییە تیرۆریستییەکان بەرز کردەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکی زۆر نیگەرانییان بەرامبەر بەو هاووڵاتیە ئۆسترالیانە هەبوو کە وڵات بەجێ دەهێلن بە مەبەستی شەڕ کردن لە بەرەی داعش یان هێرش کردنیان بۆ سەر وڵاتەکەیان.

"ئابۆت" لەوبارەوە گوتویەتی: "لەناو بردنی ئەو گروپەی مەرگ بابەتێکی پێویستە، ئەمەش نەک تەنیا لەبەر کۆتایی هێنان بە قەیرانی مرۆیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو بۆ کۆتایی هێنان بە هەرەشەکان بۆ سەر ئۆسترالیا و جیهان بە گشتی". سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالسا جەختیشی کردۆتەوە: "ئێمە ناتوانین داعش لە عێراق لەناو بەرین بە بێ کۆتایی هێنان بە داعش لە سوریا".

ئەو ئاماژەی بەو بابەتەش دا کە کەمپەینەکەیان جەخت لە سەر داعش دەکات و کار لە سەر حکومەتەکەی "ئەسەد" ناکات.

بڕیاری ئۆسترالیا بۆ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش دوای ئەوە دێت کە دووشەممەی رابردوو، فەرەنسا رایگەیاند کە بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئەو گروپە تیرۆریستییە لە سوریا دەکات.

وڵاتانی دیکەی بەشداربوو لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پێکهاتوونە لە ئەمەریکا، بەحرەین، کەنەدا، ئۆردۆن، تورکیا، سعودیە و ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبی.
Top