شاژنە ئیلیزابێس ئەمڕۆ ڕیكۆردی درێژترین ماوەی تاجەكەی لە بەریتانیا پیرۆز دەكات

 شاژنە ئیلیزابێس ئەمڕۆ ڕیكۆردی درێژترین ماوەی تاجەكەی لە بەریتانیا پیرۆز دەكات
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بی‌بی‌سی" ئەمڕۆ دوای سەعات پێنج و نیوی ئێوارە، شاژنە (ئیلیزابێس) درێژترین تەمەنی تاجەكەی (شانیشینی) لە مێژووی بەریتانیادا تۆمار دەكات، بەو بۆنەیەیشەوە چەندین چالاكی و مارشی شاهانەیی بۆ ساز كراوە.

شاژنە (ئیلیزابێس) بۆ ماوەی (٦٣) ساڵ و حەوت مانگە تاجی شاهانەیی لەسەر ناوە، بەوەیش تەمەنی تاجەكەی لە شاژنە (ڤیكتۆریا)ـی شاژنی پێشووی بەریتانیا زیاتر دەبێت و دەبێتە درێژترین ماوەی شانشینی لە بەریتانیادا.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو مێژووە بە وردی نەزانراوە لەبەر ئەوەی باوكی شاژن (جۆرج) لە سەعاتەكانی سەرلەبەیانیی (٦ـی شوباتی ١٩٥٢) كۆچی دوایی كردووە و دوای ئەویش شاژن تاجەكەی لە تەمەنی (٢٥) ساڵیدا وەرگرتووە.
بۆ ڕێزلێنانی ئەو ڕۆژە، ئەمڕۆ (دەیڤد كامیرۆن) سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دەچێتە پەرلەمان و لەوێ سەرۆكایەتیی ستاییشیادەكە دەكات، پردی لەندەن هەڵدەدرێتەوە وەكو ڕیزلێنانێك بۆ شاژن و لە (ڕیڤەر سایمس) كە ڕووبارێكە دەكەوێتە نێوان پردی لەندەن و پەرلەمانەوە، مارشی شاهانە و چەندین چالاكیی جۆراوجۆر بۆ ڕێزلێنانی شاژن ئەنجام دەدرێن.
(دەیڤد كامیرۆن) لە تویتەردا نووسیویەتی، شاژن لە ماوەی (٦٣) ساڵی ڕابردوودا هێزێكی گەورەی سەقامگیری بووە لە جیهاندا لەناو گۆڕانكارییە بەردەوامەكاندا.
شاژن، شانشینی (١٥) وڵاتی كۆمۆن وێلس و هەروەها بەریتانیایشە، خەڵكی بەریتانیا خێزانی شاهانەیی وەكو سیمبولێكی گەورە و ناوازە ڕێز لێ دەنێن و خۆشەویستییەكی بێپایانیان هەیە بۆیان و، خێزانی شاهانەیش لە چەندین ئەركی خێرخوازیی گەورەدا بەشداری دەكەن.
سەرەڕای ئەوەی كە ئەمڕۆ درێژترین ڕۆژی تاجەكەی پیرۆز دەكرێت، بەڵام شاژنە (ئیلیزابێس) بە سەردانێكی فەرمی دەچێتە سكۆتلاندا و، لەوێ هێڵێكی نوێی شەمەندەفەر دەكاتەوە كە (٢٩٤) ملیۆن پاوەندی تێ چووە.
Top