حەسەن روحانی : ئێران بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا ئامادەی دانوستان لەگەڵ وڵاتانە

حەسەن روحانی : ئێران بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا ئامادەی دانوستان لەگەڵ وڵاتانە
سەرکۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپیکەتنێکدا لەگەڵ “هاینس فیشەر” سەرکۆماری نەمسا، رایگەیاندووە، ئێران ئامادەیی ئەوەی تێدایە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە و چارەسەریی قەیرانەکانی سووریا لەگەڵ هەر وڵاتێک دانوستان بکات.

رۆحانی لەو چاوپێکەتنەدا باسی لەوەش کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە هەنگاو بۆ دەرکردنی تیرۆریستەکان لە سووریا هەڵبگرێت و ئاسانکاری بۆ گەرانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان بکات.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردبوویەوە، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەگەڵ سەرکۆماری نەمسا دانیشتنی هەبووە و داوای لیکردووە کە خۆیان لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا بە دوور بگرن.

هاوکات لەگەڵ ئەو قسانە، هاینس فیشەر بەرلە سەردانەکەی بۆ ئێران گوتبووی کە نەمسا ئامادە نییە سەبارەت بە کاروباری بازرگانی پرسی مافی مرۆڤی ئێران پشتگوێ بخات و قسەکانی بەرپرسانی ئێرانیش سەبارەت بە سووریا لە حاڵێک دایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمەریکا ئێرانیان بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتە تاوانبار کردووە.

ماوەیەک لەمەوبەریش “بان کی مۆن” سەرۆکی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، حکوومەت و وڵاتی سووریا لە بەرەبەری رووخان دایە و کارەسات و قەیرانەکانی ئەو وڵاتە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دان.

سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی خستبوویەڕوو، سووریا لە پێنجەمین ساڵی شەڕ دایە و قەیرانەکانی لە قووڵتر بوونەوە دان و هەتا ئێستە زیاتر لە 220 هەزار کەس لەو وڵاتە کوژراون.













باسنیوز
Top