كورد به‌شداریی كۆڕبه‌ندەکەی پۆڵۆنیا ده‌كات

 كورد به‌شداریی كۆڕبه‌ندەکەی پۆڵۆنیا ده‌كات
له‌ پۆڵۆنیا كۆڕبه‌ندی ئابووری سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێ و شاندێكی كوردستانیش له‌و كۆڕبه‌نده‌دا به‌شداری ده‌بێ.
لە ڕێکەوتی 8ـی ئەیلوولەوە بیستوپێنجەمین "کۆڕبەندی ئابووری"ـیە سێ‌ڕۆژییەکە داڤۆسی پۆڵۆنیا دەست پێدەکات؛ کۆڕبەندەکە لە شارۆچکە گەشتیارییەکەی کرینیچاKrynica ـدا دەبێت. چەندهەزار کەس لە هەموو جیهانەوە دێن بۆ ئەو کۆڕبەندە هەرە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا؛ چەند کەسێکیشیان سەرکۆمار و سەرۆكوەزیرانن.
ئەو کۆڕبەندە دەرفەتێكە بۆ بەستنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی، هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سیاسەتمەدارانی پایەبەرزی پۆڵۆنیایی لەبارەی پەیوەندی هاریکاری نێوان کوردستان و پۆڵۆنیا.
سەرۆکی هەرێمی ماوپۆڵسکا (مارك سۆڤا) داوەتی سەرۆكوەزیران 'نێچیرڤان بارزانی'ـی کردووە بۆ کۆڕبەندەکە. وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (د. عەلی سندی) بە ناوی ئەوەوە سەرۆکایەتیی شاندەکەی کوردستان دەکات.
وەك هەموو ساڵێك زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بەشداری دەکات لەو کۆڕبەندەدا. هەر لە میانەی ئەو بۆنەیەدا، نوێنەری حکوومەت بەشداری دەکات لە پانێلێکی پڕ بایەخ لە ژێر ناونیشانی "خۆرئاوابوون یان ڕێنێسانسی دەوڵەتی نەتەوەیی" لەگەڵ گروپێك لە میوانی ناوداری خەڵکی ئیتاڵیا، کاتالۆنیا، ئۆکراین، پۆڵۆنیا و هەنگاریا.
نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ئەمساڵ پرۆگرامێکی تایبەتی ئامادە کردووە بۆ میوانانی کۆڕبەندی ئابووری، کە تیایدا گرنگترین سیمای بریتی دەبێت لە کردنەوەی پیشانگایەك بە ناوی "پێشمەرگە لە نێوان ساڵانی 1961 – 2015. لە جەنگی دژ بە ستەمی ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عێراقەوە بۆ جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش". لەو پیشانگایەدا مێژووی پڕ لە خەباتی پێشمەرگە پیشانی میوانەکان دەدرێت، بە تایبەتی تیشك دەخرێتە سەر جەنگی قارەمانانەی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی دەوڵەتە بە ناو ئیسلامییەکەی داعش. جگە لەوە، کۆنسێرتێکی موزیکی کوردیش بەڕێوە دەچێت، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەم هونەرمەندە کوردانە پێشکەشی دەکەن: سامان ئلیاس، مەسعوود شەمس و فادی فازڵ. خوانێکی کوردەوارییش ئامادە کراوە بۆ میوانەکان.
Top