نیویۆرک.. هەزاران کەس داوای رەتکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەکەن

نیویۆرک.. هەزاران کەس داوای رەتکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەکەن
هەزاران هاووڵاتی ئەمریکی وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە رێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک، گردبوونەوەیەکیان لە گۆڕەپانی تامیز لە نیویۆرک سازکرد و داوایان کرد، کۆنگرێسی وڵاتەکەیان، ئەو رێککەوتنە رەتبکاتەوە.

لە گردبوونەوەکەدا، جۆرج پاتاکی، سەرۆکی یەکەی کارگێڕی پێشووی نیویۆرک و بەربژێری ئێستای کۆماریخوازەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا رایگەیاند و گوتی: " بەردەوام شاندی دانوستاندنکاری ئەمریکا دەیانگوت، نە گەیشتن بە رێککەوتن لە رێککەوتنی خراپ باشترە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا ئەنجامدراوە، رێکەوتنێکی خراپە".

پاتاکی داوای لە کۆنگرێسمەنەکان کرد بە نەخێر دەنگ بەو رێککەوتنە بدەن، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەگەر کۆنگریسیش دەنگی نەخیر بە رێککەوتنەکە بدات، ئەوە ڤیتۆی دەکات".

کۆماریخوازەکان رایگەیاندووە "ئەو رێککەوتنە بەواتای تەسلیمبوون دێت و بێ گومان لە بەرژەوەندی ئێرانە کە خوازیاری لەناوبردنی ئیسرائیلە".

ۆژی سێشەممە 14-7-2015 بەرێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان کۆتاییهات، کە هەردوو لا بە رێککەوتنێکی مێژوویی ناوی دەبەن و ماوەی 23 مانگ بۆ رێککەوتنەکە خەریکی دانوستاندن بوون.

بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ئەگەر ئێران پابەندنەبێت بەو رێککەوتنە، گەمارۆ ئابوورییەکان لەماوەی 65 رۆژدا جارێکی دیکە دەکەوێتە بواری جێبەجیکردنەوە.

بەپێی رێککەوتنەکە گەمارۆی پێدانی چەک بە ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ و گەمارۆی مووشەکی ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام دەبێت.








رووداو
Top