دادگای ئیسرائیل دۆسیەیەک لەسەر ناتانیاهۆ دەکاتەوە

 دادگای ئیسرائیل دۆسیەیەک لەسەر ناتانیاهۆ دەکاتەوە
سەرچاوە دادوەرییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هاوسەرەکەی رووبەڕووی پشکنینی دادوەری دەبنەوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوە دەکەن، دادگا دەست بە لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر کەیسی سەرۆکوەزیران و هاوسەرەکەی دەکات، بەتۆمەتی ئەوەی ماڵی گشتییان لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتیدا بەکارهێناوە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو 21ی تەمووز داواکاری گشتی ئیسرائیل، فەرمانی بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لەو دۆسیەیە کردووە و ئێستا ئەو دۆسیەیە لە دادگا کاری لەسەر دەکرێت.

ئەو تۆمەتانەی لەسەر سەرۆکوەزیران هەن باس لەوە دەکەن کە شێوازی ژیانی ناتانیاهۆ و هاوسەرەکەی لەچاو ژیانی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیلیدا زۆر جیاوازی هەیە و خەرجییەکانیان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بۆیە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە سامانی گشتییان بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان بەکارهێنابێت.

راپۆرتێکی دەستەی چاودێری لە وەزارەتی دادی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کردووە چەندین ئاماژە هەن باس لەوە دەکەن، ناتانیاهۆ و هاوسەرەکەی" سامانی گشتییان تەنانەت بۆ کڕینی شتومەک لە سوپەرمارکێت، مۆبیلیات بەکارهێناوەو تەنانەت باخچە و خانووی تایبەتیشیان کڕیوە".















رووداو
Top