موفتی سوننەی عێراق: میلیشیا شیعەکان مەترسییان لە داعش کەمتر نییە
لە كۆنگرەی ئەزهەر بۆ بەرەنگاربووونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی، كە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، رافع روفاعی، موفتی سوننەکانی عێراق رایگەیاند، "حكومەتێكی راستەقینە لە عێراق نییە، بەڵام 32 میلیشیای شیعە هەن، کە كۆنتڕۆڵی عێراقیان كردووە و بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، خەڵكی سوننە دەكوژن و مەترسیشیان بۆ سەر عێراق لە مەترسی داعش كەمتر نییە".
هاوكات رافع روفاعی داوای لە بەشداربووانی كۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرد، "هەنگاوی کرداری بنێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی".
موفتی سوننەکانی عێراق گوتیشی: " ئەو میلیشیایانە بەكرێگیراون و لەسەر ناسنامە خەڵكی دەكوژن، بەجۆرێک خەڵك ناوێرێ منداڵە تازە لە دایكبووەكانیان ناو بنێن عومەر، هەروەها ماڵی هاووڵاتیانی عەرەبی سوننە دەسووتێنن و وێنەی عەلی خامنەیی، رابەری روحی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڵدەواسن".
لە سەرەتای كردنەوەی كۆنگرەكە، ئەحمەد تەیب، سەرۆكی زانكۆی ئەزهەر سەركۆنەی سەرجەم ئەو تاوانانەی كرد كە رێكخراوی "داعش" لە عێراق و سووریا ئەنجامیان دەدات و گوتی، "نابێ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی لە پرسی عەرەب و مسوڵمانان و مزگەوتی ئەقساو فەلەستین دوورمان بخاتەوە".
رووداو