ئەمریکا.. خۆپیشاندان و تووندوتیژی لە شاری فێرگسن بەردەوامە

 ئەمریکا.. خۆپیشاندان و تووندوتیژی لە شاری فێرگسن بەردەوامە
خۆپیشاندان لە شاری فێرگسنی سەر بە ویلایەتی میزوری ئەمریكا و شارەكانی دیكەی ئەو وڵاتە بەردەوامە و هێزەكانی گاردی نیشتیمانی ئەمریكاش لەناو شاری فێرگسن بڵاوبوونەوەتەوە، كە فراوانترین خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوەدەچێت و بڕیارەكەی دادگای میزوری بە نادروست دەزانن و پێیانوایە ئەو بڕیارە جیاوازی لەنێوان گرووپ و ئەنجوومەنە جیاوازەكاندا دەكات بە تایبەت لەنێوان رەشپێست و سپیپێست، بۆیە بە هۆكارێكی دەزانن بۆ رەگەزپەرستی.

بڕیاری دادگای میزوری لە ٢٥ی نۆڤێمبەر، بووە مایەی تووڕەیی خەڵكی شاری فێرگسن، لەو راگەیاندنەی دادگا، كە ئەفسەری پۆلیس دارین ویڵسن، ئەو كەسەی لە مانگی ئابی رابردوودا تەقەی لە مایكڵ براونی تەمەن ١٨ ساڵ كردبوو، بەبێتاوان ناسێنرا.

بۆیە جگە لە شاری فێرگسن زۆربەی شارەكانی دیكەی ئەمریكا خۆپیشاندان تێیدا ئەنجامدرا، بەڵام شاری فێرگسن لەكاتی دەرچوونی بڕیارەكەوە تا ئێستا بەردەوامن لە خۆپیشاندان و تووندوتیژی زۆری تێدا روویدا و چەند باڵەخانە و ئۆتۆمبێلێك سووتێنران و لە هەندێك لە ناوچەكانی ئەو شارەش رێگای هاتووچۆ گیراوە.

لەو بارەیەوە باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لە خەڵكی وڵاتەكەی كرد هێمنی بپارێزن و گوتی: "ئەگەر خەڵكی ئەمریكا پێیانوایە بڕیارێكی نادادپەروەرانە دراوە و جیاوازی لەنێوان رەگەزەكاندا كراوە، ئەوا من ئامادەم لەگەڵ ئەو خەڵكە كاربكەم ، بەڵام بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون نەك بەكاری تووندوتیژی".










رووداو
Top