ئەڵمانیا: ئەمەریكا سەبارەت بە سیخوڕییەكەی، بەڵێنی ڕوونكردنەوەی زیاتری داوە

ئەڵمانیا: ئەمەریكا سەبارەت بە سیخوڕییەكەی، بەڵێنی ڕوونكردنەوەی زیاتری داوە
16ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا كە بۆ گفتوگۆ لەبارەی سیخوڕی ئەمەریكا لە جیهاندا سەردانی واشنتۆنی كردبوو، گوتی: ئەمەریكا بەڵێنی داوە لەمەوبەدوا ڕوونتر و ئاشكراتر هەڵسووكەوت بكات

بەڵێنیشمان لە ئەمەریكا وەرگرتووە كە سیخوڕی لە پیشەسازیی ئەڵمانیادا نەكات.

هانس پیتەر فریدریش وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا كە دوای ئاشكرابوونی سیخوڕیی ئەمەریكا لە جیهاندا و، سەردانی ئەمەریكای كرد و لەگەڵ جۆ بایدن جێگری سەركۆماری ئەمەریكا و لیزا مۆناكۆ ڕاوێژكاری باڵای دژ بە تیرۆریزمی باراك ئۆباما سەركۆماری ئەم وڵاتە دیدار و گفتوگۆی كرد.

ئەو دوای دیدار لەگەڵ ئەم گەورەبەرپرسانەی كۆشكی سپی لە واشنتۆن بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند، كە بەرپرسانی ئەمەریكا بەڵێنی داوە كە لە سیخوڕییەكانیان كەم بكەنەوە، بە جۆرێك كە بەرپرسانی ئەڵمانیش ئاگاداری جۆری سیخوڕییەكانیان بن.

ئەو گوتی: بەرپرسانی ئەمەریكا لەسەر ئەوە پێداگر بوونە كە بەرنامەی ئاشكرابووی سیخوڕی (پریسم) تایبەت بە ئەژانسی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریكا (NSA) بەرنامەیەك بۆ چۆنییەتیی گفتوگۆكان بووە، ئەم بەرنامەیە تایبەت بە گرووپە تیرۆریزمەكان و، بەرگری بۆ گەشەكردنی چەكی كۆمەڵكووژ بوو و، بەرژەوەندی ئەوانیشی تێدابووە.

بابەتە نهێنییەكان تەنیا پەیوەندییان بە كارناسانەوە هەیە
هانس پیتەر فریدریش لە پرێسكۆنفڕانسێكدا ڕایگەیاند، ئەمەریكا بۆ ئێمەی ڕوون كردەوە كە بەرنامەكانی وەكوو \"پریسم\"" ئەم توانایەی بە ئەمەریكا دا، لە سەرتاسەری جیهاندا 45 هێرشی تیرۆریستانە پووچەڵ بكاتەوە كە بڕیار بوو 25ـیان لە ئەوروپا و، 5ـیان لە ئەڵمانیا ڕوو بدات.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا كە ئایا دەزگای سیخوڕیی ئەمەریكا یاساكانی ئەڵمانیای پێشێل كردووە، گوتی: من ڕوونم كردووەتەوە كە بۆ ئێمە سیخوڕییەكەی ئەمەریكا بەهیچ شێوەیەك قەبووڵ ناكرێت و، بەرەنگاری دەبینەوە.

گوتەبێژی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیایش لەمبارەیەوە گوتی: گەشتەكەی فریدریش بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانە بووە، ئەڵمانییەكان بەردەوام كاتێك باسی سیخوڕی دێتە پێش، بە هەستیارییەوە بۆی دەچن و، بەلایەنەوە زۆر گرینگە."
Top