حوسێن چەلیك: قۆناغی چارەسەری بە پێی بەرنامە بەرێوەدەچێت

حوسێن چەلیك: قۆناغی چارەسەری بە پێی بەرنامە بەرێوەدەچێت
13ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- جێگری سەرۆك وەزیری توركیا و وتەبێژی حكوومەت حوسێن چەلیك رۆژی هەینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی یەكێتی ژووری ئەندازیار و معمارەكانی توركیا رایگەیاند كە ئەم خۆپیشاندانانە هیچ واتا و مانایەكیان نییە، چونكە پەرلەمانی توركیا بە هیچ شێوەیەك هەوڵی بۆ ئەوە نەداوە كە داهات و دەسەڵاتەكانی ئەم یەكێتییە كەم بكاتەوە.

ماڵپەڕی خەبەر توركی توركی بڵاویكردووەتەوە كە وتەبێژی حكوومەتی توركیا حوسێن چەلیك، داوای لە ئەندامانی یەكێتی ژووری ئەندازیار و معمارانی توركیا كردووە كە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكانیان بهێنن و لەوەی نەترسن كە پەرلەمان داهات و دەسەڵاتەكانی ئەو یەكێتییە بخاتە ژێر كونترۆڵی خۆیەوە.

ناوبراو لە بەردەوامی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردیشی كردووە گوتوویەتی: هەر چەند لە توركیا و لە ناوچەكەدا هەوڵێكی زۆر لە ئارادایە و دەیەوێ قۆناغی چارەسەری پەرتەواز بكات، بەڵام قۆناغ بە پێ ئەو بەرنامەیە كە لە لایەن حكوومەتەوە دانراوە بەرێوە دەچێت و تا ئێستەیش پێشكەوتنی زۆر باشی بە خۆیەوە بینیوە.
Top