جێگری سەرۆك وەزیری توركيا: با كەس دڵی خۆی خۆش نەكات توركیا میسر نییە

جێگری سەرۆك وەزیری توركيا: با كەس دڵی خۆی خۆش نەكات توركیا میسر نییە
8ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- دوای كۆتایی هاتنی دانیشتنی رۆژی یەكشەممەی پەرلەمانی ئەنقەرە جێگری سەرۆك وەزیری ئەو وڵاتە بەكر بۆزداغ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی هۆكاری روودانی شەڕ لە نێو پەرلەمانی كرد و گوتی: ئاژاوەگێڕەكان لە مەیدانی تەقسیم و پاركی گەزی دووبارە دەستیان بە نانەوەی ئاژاوە كرد و لایەنگرانەكانیشیان لە نێو پەرلەماندا دەستیان بە نانەوەێ ئاژاوە كرد.

ماڵپەڕ روتا خەبەر بڵاویكردەوە كە بەكر بۆزداغ باسی ئەو ئیدیعایانەیشی كردووە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن هەندێك لایەن داوایان لە سوپای توركیا كردووە، كە وەكو سوپای میسر هەڵسوكەوت بكات، كردووە و گوتوویەتی: با كەس دڵی خۆی خۆش نەكات چونكە توركیا میسر نییە، خەڵكی توركیایش خەڵكی میسر نییە.

بۆزداغ جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە دەسەڵاتی ئاكەپە لە لایەن خەڵكەوە راسپێردراوە و ئەگەر ئەمڕۆ خەڵك داوا لە ئاكەپە بكات واز لە دەسەڵات بهێنێت ئەوا ئاكەپە بەبێ هیچ دوو دڵییەك واز لە دەسەڵات دێنێت، بەڵام توركیا ئەو توركیایە نییە كە سوپا یا هەر كەسێكی دیكە دڵی خۆش بێت هەڵسێت و دەست بە كوودەتا بكات، خەڵكی توركیا بە هیچ شێوەیەك شتێكی بەمجۆرە قەبووڵ ناكات.
Top