ئیخوان موسلمین: تا گێڕانەوەی سەرۆك، لە گۆڕەپانەكاندا دەمێنینەوە
سوڵتان گوتی، ژمارەی كوژراوان تا ئەم سەرلەبەیانییە، گەیشتووەتە 26 كەس؛ 14 حاڵەتی مردن و 850 بریندار تا سەعات 1ـی بەرەبەیانیی شەممە بە كاتی نێوخۆیی، تۆمار كراون و لە شاری ئەسكەندەریەش، 12 كەس كوژراون.
دوێنێ هەینی، ئیسلامییەكانی دژبە لەكارلادانی محەممەد مورسی، لە ئەنجامی توڕەییان لەوەی كە بە كودەتای سەربازی ناوی دەبەن، خۆپێشاندانیان ساز دا و بە هۆیەوە پێكدادانی توند، لە نێوان هەوادار و لایەنگری موورسی و نەیارانیدا، لە ئەسكەندەریە بەرپا بوو.
هەزاران كەس لە هەوادار و لایەنگرانی سەرۆككۆماری لەكارلادراوی میسر، محەممەد موورسی، لە تەواوی میسر و لەژێر ناوی \"هەینیی توڕەیی\""، ڕژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزایەتییان لە دەستبەسەرداگرتنی موورسی و پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی كە سوپا پشتیوانیی دەكات، دەردەبڕی.
هاوكات لەگەڵ ڕووداوەكانی میسر، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، بان كی مون، سەركۆنەی ئەو ڕاپۆرتانە دەكات كە باس لە حاڵەتی دەستدرێژیی \""جنسی\""ـی دەكەن بە هۆی ئەو ناسەقامگیرییەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باڵی بەسەر میسردا كێشاوە؛ داوایش لە هێزە ئەمنییەكان دەكات خۆپێشاندەران بپارێزن.
یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراو بە شێوەیەكی ئازاد(محەممە موورسی)، چوارشەممەی ڕابردوو و پاش دوو ساڵ لە ڕووخانی حوسنی موبارەك كە بە هۆی ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبییەوە بوو، لەكار لادرا.
ئەم ڕووداوەی هەفتەی ڕابردوو، نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خستووەتە نێو هاوپەیمانانی میسر لە ڕۆژاوا و لە نێویشیاندا ولاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و یەكیەتیی ئەورووپا و ئیسرائیلیش.
یەكشەممەی ڕابردوو، جەماوەرێكی زۆر لە قاهیرە و شارەكانی دیكە، داوایان دەكرد موورسی دەست لە كار بكێشێتەوە، وەك دەڵێن، ئەمەیش بە هۆی ئەوەی كە ئیخوان موسلمین دەستەڵاتەكانی قۆرخ كردووە و باری ئابووری خراپە."