حكوومه‌تی میسر رووخا
له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی مۆڵه‌تی سوپای میسر بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی خه‌ڵكی میسر، محه‌مه‌د مورسی، سه‌رۆككۆماری میسر و ئه‌ندامی گرووپی ئیخوان موسلمین، له پۆستی سه‌رۆككۆماری وه‌لانرا.
سوپای میسر، فه‌رمانی له سه‌ر كار لادانی سه‌رۆككۆماری میسری ده‌ركرد و به‌پێی فه‌رمانه‌كه‌ی سوپا، هه‌روه‌ها دوو ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی گرووپی ئیخوان، ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.
گوته‌بێژی گرووپی ئیخوان، جیهاد حه‌داد، به بی بی سی راگه‌یاندووه محه‌مه‌د مورسی و چه‌ند ئه‌ندامی دیكه‌ی ئیخوان كه راوێژكاری مورسی بوون، له كۆشكی سه‌ركۆماری ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.
ژه‌نه‌ڕاڵ عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لسیسی، فه‌رمانده‌ی سوپای میسر، له فه‌رمانێكدا سه‌رۆكی دادگای باڵای ده‌ستووری وڵاتی، وه‌ك سه‌رۆكی كاتیی میسر ده‌ستنیشان كردووه.