لاڤرۆڤ بەرپرسیارێتی دواکەوتنی کۆنگرەی جنێف دەخاتە ئەستۆی ئۆپۆزسیۆنی سوریا
لەوبارەیەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند بەرپرسانی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێن کە ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەک تەنھا ئامادە نیە بەشداری لە کۆنگرەی دووەمی جنێفدا بکات بەڵکو تا ئێستا نەشیاتوانیوە نوێنەرێک بۆ خۆیان دیاری بکەن.
ھاوکات بەرپرسیارێتی دواکەوتنی کۆنگرەکەشی خستە ئەستۆی ئۆپۆزسیۆنی سوریا،کە بڕیارە بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکەی سوریا بەڕێوەبچێت.
لەلایەکی دیکەشەوە شەروپێکدادانەکان لە نێوان ھێزەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن لە سوریادا بەردەوامەو سەرچاوەکانی ھەواڵ رایانگەیاند سەرلەبەبیانی ئەمرۆ بەھۆی دوو تەقینەوەوە لە ناوچەی مەرجە لە ناوەراستی دیمەشق ٥ کەس کوژران.
چەند چالاکوانێکیش رایانگەیاند چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە رەققە چەند بەشێکی (فیرقەی ١٧) ی سوپای سوریایان کۆنترۆڵکردووە ، ئەوەچیانخستەڕوو کە شەرو پێکدادانەکان لە دیمەشق و ریف دیمەشق و حمس و ھەردوو شارۆچکەی کەفر حەمرەو مەعارەت ئەلتیق درێژەیان ھەیەو بەھۆی توندوتیژییەکانیشەوە دوێنێ ٩٠ کەس لەو وڵاتەدا کوژران.