توركیا- تا داواكارییەكان جێبەجێ نەكرێن خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن

توركیا- تا داواكارییەكان جێبەجێ نەكرێن خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن
10 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- رۆژی یەكشەممە كە دەبێتە سێزدەمین رۆژی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ، وتەبێژی خۆپیشاندەرەكانی ئەو مەیدانە رایگەیاند تا ئەو كاتە كە حكوومەت هەر هەمووی داواكارییەكانی خۆپیشاندەرەكان جێبەجێ نەكات ئەوا خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئینتێرنێت خەبەری توركی بڵاویكردۆتەوە كە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە وتەبێژی خۆپیشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە كە پێش دوو رۆژ لە گەڵ جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بولەنت ئارنج و سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵڵا گول بۆ هەڵسەنگاندنی داواكاری خۆپیشاندەرەكان كۆ بوونەتەوە و هەفت داواكارییان پێشكەشی حكوومەت كردووە، بەڵام نە سەرۆك كۆمار و نە جێگری سەرۆك وەزیر سەبارەت بە جێبەجێ كردنی ئەم داواكارییانە هیچ جۆرە بەڵێنێكیان نەداوە، بۆیە جارێكی دیكە داوا لە حكوومەت دەكەین كە بە مەبەستی كۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەكان بە خێرایی داواكارییەكانمان جێبەجێ بكات.

وتەبێژی خۆپیشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت خۆپیشاندەرەكان راز بكات تا واز لە خۆپیشاندان بهێنن تەنیا و تەنیا جێبەجێ كردنی داواكارییەكان دەتوانێت، ببێتە هۆكاری كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكان.
Top