نەبیل عەرەبی و محەمەد مورسی دووپاتی یەكهەڵوێستی بەرامبەر تەنگژەی سووریا دەكەنەوە

نەبیل عەرەبی و محەمەد مورسی دووپاتی یەكهەڵوێستی بەرامبەر تەنگژەی سووریا دەكەنەوە
محەمەد مورسی سەرۆكی میسر و نەبیل عەرەبی ئەمینداری گشتیی كۆبەندی عەرەبی لە میانەی كۆنگرەی بەرهەڵستكارانی سووریا لە قاهیرە ئەمڕۆ دووشەم دووپاتیان لە پێویستی گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو بەرامبەر تەنگژەی سووریا كردەوە.

مورسی دووپاتی لە پاڵپشتیكردنی میسر بۆ خەباتی گەلی سووریا كردەوە و داوای لە بەرهەڵستكارانی ئەو وڵاتە كرد یەكبگرن و بۆچوونیان بۆ سووریای نوێ و دیموكراسی یەك بخەن، كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی سووریا لێی دڵنیابن.

مورسی لە وتەكەی كە لەلایەن محەمەد كامل وەزیری دەرەوەی خوێندرایەوە زیاتر گوتی، تەناهیی نەتەوەییی سووریا بەردەوامیی تەناهیی نەتەوەییی میسرە و بەپێچەوانەشەوە، چونكە سەقامگیریی سووریا و ئازادییەكەی بۆ میسر گرینگە و ئاماژەی كرد، رێگەی چارەسەركردنی تەنگژەی ئەو وڵاتە بە چەند قۆناغدا تێپەڕ دەبێ، یەكەم پاڵپشتیی تەواو بۆ پلانی كۆفی ئەنان نێردەی هاوبەش بۆ سووریا و دووەم، بنیاتنانی هەڵوێستێكی ناودەوڵەتی دژی ستەمكاری و چەوسانەوە.

لای خۆیەوە نەبیل عەرەبی ئەمینداری گشتیی كۆبەندی عەرەبی جەختی لە یەكبۆچوون بۆ سووریای نوێ لە ژێر سایەی دیموكراسی كردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پێنج وڵاتی هەمیشە ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئێستە كۆكن لەسەر پێویستی وەستاندنی توندوتیژی و جێبەجێكردنی پلانەكەی ئەنان.

ئەمڕۆ بە بەشداریی لایەنەكانی بەرهەڵستكاری سووریا بەسەرپەرشتیی كۆبەندی عەرەب و ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و كوێت و وڵاتانی هەمیشەئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی مێوانداریی كۆنگرەكانی دۆستایەتی سووریایان كردووە، كۆنگرەی بەرهەڵستكارانی سووریا لە قاهیرە بەڕێوە چوو.
Top