بەریتانیا: ئەو گەمارۆیانەى لەلایەن یەكەتیی ئەوروپا خراوەتە سەر ئێران توندترین گەمارۆیە

بەریتانیا: ئەو گەمارۆیانەى لەلایەن یەكەتیی ئەوروپا خراوەتە سەر ئێران توندترین گەمارۆیە
ویلیام هیگ وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا راى گەیاند، ئەو گەمارۆیەى لەلایەن یەكەتیی ئەوروپا خراوەتە سەر هاوردەكردنى نەوتى ئێران، توندترین گەمارۆیە كە لەلایەن وڵاتانى ئەوروپایی تا ئێستە دژى ئەو وڵاتە هاتووەتە جێبەجێكردن.
هیگ گەمارۆ نوێیەكانى یەكەتیی ئەوروپاى بە رژدبوونى ئەو یەكەتییە بۆ زیاتركردنى پاڵەپەستۆى دیپلۆماتیك بۆ سەر ئێران ناو برد، وارگەى (ئەلعەرەبیە) ئەم هەواڵەى گواستەوە.

وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا راى گەیاند \"ئێران لەمەودوا لە بەردەم دوو رێگەیە، یەكەم ئەوەى لە شاردنەوەى پرسى گرینگ و سەرەكى بەردەوام دەبێ و لەو كاتەدا رووبەڕووى گەمارۆى زیاتر دەبێتەوە یان ئەوەى بە گفتوگۆ بە شێوەیەكى رژد هاوكاریی خۆى لەبارەى بەرنامەى ناوكەییی وڵاتەكەى دەست پێ دەكا\"".

هیگ داواى لە تاران كرد بۆ سەرخستنى رێگەچارەى دیپلۆماتیك لەسەر مێزى گفتوگۆ دابنیشێ.

زیاتر گوتى \""ئەگەر ئێران بۆچوونى خۆى نەگۆڕێ، پاڵەپەستۆكان بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاد دەكەن\"".

یەكەتیی ئەوروپا هەروەك بڕیار بوو دوێنێ یەكشەم گەمارۆى قەدەخەكردنى هاوردەى نەوتى لە ئێران جێبەجێ كرد و پێشتر كۆشكى سپى لە راگەیاندنەكەیدا سوپاسى ئەو هەوڵەى یەكەتیی ئەوروپاى كرد.

ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی لە بەرنامەى ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژى ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە بە پاش دەداتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیى بەرنامەى ناوكەییی خۆى دەكاتەوە.
"
Top