قاعیده، پلانی بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا داڕشتووه
رۆژنامه‌ی سانده‌ی تایمز چاپی له‌نده‌ن، له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا راپۆرتێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا له زمانی سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانی به‌ریتانیاوه نووسیویه‌تی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه رێكخراوی قاعیده فڕۆكه‌یه‌كی نه‌فه‌رهه‌ڵگری ئه‌مه‌ریكا بته‌قێنێته‌وه.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێت قاعیده هاووڵاتییه‌كی نه‌رویجی له یه‌مه‌ن په‌روه‌رده كردووه و ئاماده‌ی كردووه ئه‌م پلانه به‌ڕێوه ببات. ئه‌و هاووڵاتییه‌ی نه‌رویج له ساڵی 2008 هاتووه‌ته سه‌ر ئایینی ئیسلام و ناوی خۆی بۆ ئه‌بو عه‌بدولره‌حمان گۆڕیوه و ته‌مه‌نی له نێوان 30 بۆ 40 ساڵه و هیچ پێشینه‌یه‌كی تاوانكاریی نییه.
سانده‌ی تایمز له راپۆرته‌كه‌دا ناوی هیچ كام له سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانی خۆی بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه و به‌رپرسانی ئه‌منیی بریتانیاش هه‌تا ئێستا هیچ شتێكیان له‌مباره‌یه‌وه رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام چه‌ند رۆژ پێش ئێستا سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانی ئه‌ورووپا رایانگه‌یاند له‌وانه‌یه هێرشێكی تیرۆریستی له دژی نه‌رویج بكرێت.