ئێران، فڕۆكه‌ی بێ‌فڕۆكه‌وان دروست ده‌كات
فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئه‌میرعه‌لی حاجیزاده، رایگه‌یاندووه، ئه‌ندازیاران و پسپۆڕانی سوپای پاسداران، توانیویانه زانیارییه‌كانی ناو فڕۆكه بێ‌فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربهێنن، كه له پاییزی ساڵی رابردوو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو.
حاجیزاده له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، وێڕای ته‌ئكیدكردنه‌وه له‌وه‌ی كه توانیویانه له تێكنۆلۆژیای فڕۆكه‌كه تێبگه‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ئه‌ندازیاره‌كانی سوپای پاسداران ده‌ستیان كردووه به دروست كردنی نموونه‌یه‌ك له‌و فڕۆكه‌یه.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسداران وه‌ك نموونه‌یه‌ك له‌و زانیاریانه‌ی ده‌ستیان پێی گه‌یشتووه، وتی ئه‌م فڕۆكه‌یه دوو هه‌فته به‌ر له كوژرانی ئۆسامه بن لادن، سه‌رۆكی رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیده، زانیاریی له ناوچه‌ی شوێنی ژیانی بن لادن كۆكردووه‌ته‌وه.
له پاییزی ساڵی رابردوودا، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگه‌یاند توانیویانه فڕۆكه‌یه‌كی بێ‌فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكایی له جۆری RQ170، كۆنترۆڵ بكه‌ن و له ناو ئێران‌دا بینیشێننه‌وه.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكایی وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی توانای ئێران بۆ كۆنترۆڵ‌كردنی ئه‌لكترۆنی، گوتیان ئه‌و فڕۆكه‌یه، به‌هۆی گرفتی ته‌كنیكی له نزیك سنووری ئێران و ئه‌فغانستان، كه‌وتووه‌ته خواره‌وه.