چین و رووسیا یەكەم مانۆڕی دەریاییی هاوبەش ئەنجام دەدەن

چین و رووسیا یەكەم مانۆڕی دەریاییی هاوبەش ئەنجام دەدەن
ئەمڕۆ یەكشەم هەردوو وڵاتى چین و رووسیا بۆ یەكەمجار لە مێژوودا مانۆڕێكى دەریاییی هاوبەشیان دەست پێ كرد كە ماوەى 6 رۆژ دەخایەنێ.

ئاژانسى شینگواى چینى بڵاوى كردەوە، مانۆڕەكە بەهاوبەشى ئەفسەرانى چین و رووسیایی لە دەریای شین لە لێواری ئاوەكانى رۆهەڵاتى چین ئەنجام دەدرێ كە ماوەكەى 6 رۆژە.

ئەو مانۆڕە بوارەكانى بەرگریی ئاسمانى و بەرەنگاربوونەوەى كەشتییە بنئاولێدەرەكان و كردەكانى گەڕان و فریاگوزاری سەربازیی دەریایی لەخۆ دەگرێ، جگە لە مەشقكردن لەسەر چۆنیەتى رزگاركردنى كەشتی و بەرەنگاربوونەوەى كردەى تیرۆریستى، ئاژانسەكە واى گوت.

پێنجشەمى رابردوو حكوومەتى چین راى گەیاند، مەبەست لە ئەنجامدانى مانۆڕەكە بۆ زیاتر پاراستنى تەناهیی هەرێكەمەیە كە 16 كەشتیی سەربازیی چینی و 4 كەشتیی سەربازیی رووسیایی تێیدا بەشدارن.

لیو ویمین گۆتیاری وەزارەتى دەرەوەى چین لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا گوتى، ماوەیەكە پلان بۆ ئەنجامدانى مانۆڕێكى لەو شێوەیە دانراوە كە ئامانج لێی زیاتر بەهێزكردن و پاراستنى تەناهییە لە هەرێمەكە.

لەلایەكى تر دوێنێ شەموو سوپاى چین وریای دایە وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا كە ئەنجامدانى مەشقی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانى فیلپین، دەبێتە هۆى زیادبوونى رووبەڕوونەوەى سەربازى لە ئاوەكانى باشووری چین.

شیاوی وەبیرهێنانەوەیە هێزەكانى ئەمەریكا و فیلپین لە 16ی ئەم مانگە (نیسان/ئەپریل) دواى رووبەڕووبوونەوەكانى نێوان پەكین و مانێلا، لە چەند ناوچەیەكى جیاوازى لێوارى ئاوەكانى فیلپین مانۆڕێكى هاوبەش ئەنجام دەدەن كە ماوەى دوو حەوتوو دەخایەنێ، چین رەخنەى توندى لە ئەمەریكا گرت و ئەم كردەوانەى بە دەستوەردان لە تەناهیی ناوچەكەى ناو برد.
Top