ئوسترالیا پێش وادەى خۆى هێزەكانى لە ئەفغانستان دەكێشێتەوە

ئوسترالیا پێش وادەى خۆى هێزەكانى لە ئەفغانستان دەكێشێتەوە
سەرۆك وەزیرانى ئوسترالیا جولیا جیلارد راى گەیاند، وڵاتەكەى بەشێكى گەورەى هێزەكانى لە ساڵى 2013 واتە ساڵێك پێش وادەى خۆى لە ئەفغانستان دەكێشێتەوە.

جیلارد دوێنێ دووشەم لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان گوتى، هێزەكانمان ساڵێك بەر لە بەرنامەى دیاریكراوى خۆى لە ئەفغانستان دەكشێنەوە كە هێزەكانى پەیمانى باكورى ئەتڵەسى (ناتۆ) بەرنامەیان بۆ داناوە.

حكوومەتى ئوسترالیا چەندان جار دووپاتى كردووەتەوە كە وڵاتەكەى رێز لە بڕیارەكەى ناتۆ دەگرێ لەبارەی وادەى كشانەوەى هێزەكان لە ئەفغانستان و پابەندە بە بەرنامەى كشانەوەى هێزە بیانییەكان لەو وڵاتە.

ئوسترالیا هەزار و 500 سەربازى لە ئەفغانسان بڵاوە پێكردوون و لە دواى 2001 و لەوەتەى بڵاوكردنەوەى هێزەكانى لەو وڵاتە 35 سەربازى كوژران.
Top