جۆن مه‌ك كین: ئێستا ده‌توانین بیر له هێرشی سه‌ربازی بۆ سوریا بكه‌ینه‌وه
سیناتۆری كۆماریخوازی ئه‌مه‌ریكی، جۆن مه‌ك كین، ده‌ڵێت ئێستا له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی ئۆپه‌راسیۆنی ناتۆ له لیبیا، ده‌رفه‌ت هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بیر له رێگه‌چاره‌یه‌كی سه‌ربازی بكرێته‌وه بۆ قه‌یرانی سیاسیی سوریا.
مه‌ك كین له‌حاڵێكدا باسی له هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر سوریا كردووه كه حكوومه‌ته‌كه‌ی ئۆباما رایگه‌یاندووه به‌نیازی هیچ هێرشێكی سه‌ربازی بۆ سه‌ر سوریا نیه و خۆپیشانده‌رانی دژی حكوومه‌تی ئه‌سه‌د، داوای شتی وایان نه‌كردووه.
به‌پێی راپۆرتی بی بی سی، جۆن مه‌ك كین له كۆبوونه‌وه‌ی جیهانیی ئابووری له ئوردن وتوویه‌تی: \"حكوومه‌تی ئه‌سه‌د پێی وانه‌بێت ده‌توانێت به بێ سزا، ده‌ست بداته كوشتن. قه‌زافی هه‌ڵه‌یه‌كی وای كرد و هه‌موو شتێكی له‌ده‌ست چوو.\""
به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا راسته‌وخۆ به‌شداریی له هێرشی ناتۆ بۆ سه‌ر لیبیا نه‌كرد، دیار نیه مه‌به‌ستی مه‌ك كین هێرشی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكایه یان هێرشی ناتۆ."