سه‌رۆكی قوبرس له ته‌قینه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌كانی ئێران به‌رپرسیاره
دیمتریس كریستۆفیاس، سه‌رۆكی قوبرس تۆمه‌تبار كراوه به‌وه‌ی به‌رپرسیاره له ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی له ئێرانه‌وه به قاچاخ بۆ سوریا ده‌نێردرا و له یه‌كێك له بنكه سه‌ربازیه‌كانی قوبرس ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو.
به‌پێی راپۆرتێكی بی بی سی، لێپرسراوی تایبه‌تی قوبرس بۆ ئه‌م دۆسیه‌یه، وتوویه‌تی سه‌رۆكی قوبرس، له‌وه ئاگادار بووه كه ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه به‌شێوه‌یه‌كی خراپ هه‌ڵگیراون و مه‌ترسی ته‌قینه‌وه‌یان هه‌یه، هه‌ر بۆیه به‌رپرسیارێتیه‌كی قورسی به‌هۆی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌وه هه‌یه.
سه‌ركۆماری قوبرس دوابه‌دوای لێدوانه‌كانی ئه‌و لێپرسراوه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی به توندی ره‌تكردووه‌ته‌وه و وتوویه‌تی ئه‌و تۆمه‌تانه هیچ بنه‌مایه‌كی نیه.
ته‌قینه‌وه‌ی چه‌كه گیراوه‌كانی كۆماری ئیسلامی له قوبرس له مانگی ته‌مموزی رابردوو، له یه‌كێك له بنكه سه‌ربازیه‌كانی هێزی ده‌ریایی قوبرس، بووه هۆی كوژرانی 13 كه‌س و له‌وانه فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریایی قوبرس.
ئه‌و باره چه‌كه‌ی ئێران كه بریتی بوو له 100 كانتینه‌ر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، ساڵی 2009 له قوبرس ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، به‌ڵام به وته‌ی لێپرسراوی تایبه‌تی دۆسیه‌كه، سه‌رۆكی قوبرس رێگه‌ی به چاودێرانی نه‌ته‌و ه‌یه‌كگرتووه‌كان نه‌داوه ئه‌و باره بپشكنن.