كوێت: كێشەى بەندەرى موبارەك لەرێى دیبلۆماسییەوە چارەسەر دەكرێ

كوێت: كێشەى بەندەرى موبارەك لەرێى دیبلۆماسییەوە چارەسەر دەكرێ
ئەمڕۆ یەكشەم سەرچاوەیەك لە وەزراەتى دەرەوەى كوێت راى گەیاند ئەمڕۆ شاندى تەكنیكیی عێراق بۆ تاوتوێكردنى پرسى بەندەرى موبارەك دەگاتە كوێت و جەختیشى كرد ئەو كێشەیە بە رێگەى دیبلۆماسى چارەسەر دەكرێ. رۆژنامەى (القبس)ى كوێتى ئەمڕۆ بڵاوى كردەوە.

خالید جارەڵا بریكارى وەزارەتى دەرەوەى كوێت لە پەراوێزى كۆبوونەوەى حەوتەمى لێژنەى پێوەندییە عەرەبى و نێودەوڵەتییەكاندا گوتى ئەمڕۆ شاندى تەكنیكیى عێراق دەگاتە كوێت و لە ماوەى دوو رۆژدا هەردوولا پرسى دروستكردنى بەندەرى موبارەكى گەورە تاوتوێ دەكەن.

هەروەها جەختى كرد لەوەى دەكرێ لەرێى دیالۆگى رژدى نێوان هەردوو لاوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێ و لاپەڕەیەكى نوێ لە پێوەندییە دووقۆڵییەكان هەڵبدەنەوە.

لەبارەى لێدوانەكەى نوورى مالیكیى سەرۆك وەزیرانى عێراقیش لەبارەى بەنێودەوڵەتیكردنى ئەو كێشەیە، جارەڵا گوتى \"ئەو فایلە لە رێگەى دیبلۆماسییەوە چارەسەر دەكرێ و رێگەیەكى زۆر درێژمان لەپێشە تا بیر لە هەر رێوشوێنێكى تر لەو بارەوە بكەینەوە\"".

مالیكی هەینیى رابردوو هۆشدارى دا لە تۆماركردنى سكاڵایەكى یاسایى لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ راگرتنى كاركردن لە بەندەرى موبارەك لەلایەن كوێتەوە، ئەگەر دەركەوت دروستكردنى ئەو بەندەرە زیان بە عێراق دەگەیەنێ.

سەرۆك وەزیرانى عێراق گوتى شاندێكى تەكنیكیى عێراق لە بابەتەكە دەكۆڵێتەوە و لە ماوەى دوو تا سێ رۆژى داهاتوودا راپۆرتى خۆى پێشكێشى ئەنجوومەنى وەزیران دەكات، ئەنجوومەنى وەزیرانیش لەژێر رۆشنایى ئەو راپۆرتەدا بڕیارى گونجاو لەو بارەوە دەدات.

لەبارەى هۆشداریى هەندێ لە پەرلەمانتارانى عێراقیش لە ئەگەرى پەلاماردانى كوێت، بریكارى وەزراەتى دەرەوەى كوێت گوتى \""ئەو لێدوانانە نابەرپرسانە و زیانێكى گەورە بە پێوەندییەكانى نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنن.

كازم ئەلشمەرى پەرلەمانتارى لیستى عێراقییەى سپى هۆشدارى دابوو لەوەى \""دوور نییە گرووپە چەكدارە عێراقییەكان كردەى سەربازى لەدژى بەندەرى موبارەك ئەنجام بدەن ئەگەر بێتو كوێت لە كاركردن لە پرۆژەكە بەردەوام بێ\"".
"
Top