رێژیمى لیبیا داواى لەكارلاچوونى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیا دەكات

رێژیمى لیبیا داواى لەكارلاچوونى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیا دەكات
رێژیمى لیبیا كە بەریتانیا و هاوپەیمانەكانى لە پەیمانى ناتۆ لەهەوڵى رووخاندنیدان، داواى لەكارلاچوونى دەیڤید كامیرۆنى سەرۆك وەزیرانى بەریتانیاى كرد، بەهۆى بەكارهێنانى توندوتیژى دژ بە خۆپیشاندەرانى ئەو وڵاتە لە چەند رۆژى رابردوودا. فرانس پرێس گواستیەوە.

خەلید كعیم جێگرى وەزیرى دەرەوەى لیبیا لە لێدوانێكدا كە ئاژانسى دەنگوباسى رەسمیى لیبیا گواستیەوە گوتى \"دواى ئەو خۆپێشاندانانەى لەدژى حكوومەتەكەى ئەنجام دەدرێن، دەبێ كامیرۆن و حكوومەتكەى بڕۆن، بەتایبەت دواى ئەو توندوتیژییەى پۆلیس دژ بە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەكان لە شارەكانى بەریتانیا بەكاریان هێنا، ئەوەیش بەڵگەى ئەوەیە گەلى بەریتانیا ئەو حكوومەتەى ناوێ و حكوومەت بەزۆر خۆى بەسەریدا دەسەپێنێ\"".

كعیم داواى لە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجوومەنى ئاسایش كرد لەئاست دەستدرێژییەكانى حكوومەتى بەریتانیا بۆ سەر مافەكانى گەلى بەرتانیا دەستەوئەژنۆ نەوەستن.

ئەم داواكارییانە هەمان ئەو داواكارییانەن كە وڵاتانى رۆئاوایى لەئاست وەڵامدانەوەى رێژیمى لیبیا بۆ راپەڕینى شەقامى ئەو وڵاتە لەدژی رێژیمەكەى قەزافى، دەیكەن.

لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەوە خۆپیشاندانى بەرفراوان لە چەند ناوچەیەكى لەندەن و هەندێ لە شارەكانى ترى بەریتانیا سەرى هەڵ دا و خۆپیشاندانەكان كارى توندوتیژى و ئاژاوەگێڕییان بەخۆوە بینى، بەتایبەت دواى ئەوەى هاووڵاتییەك بەدەستى پۆلیس كوژرا.

لە ئەنجامى ئەو رووداوانەدا چەندان كۆگاى بازرگانى تاڵان كران و دەیان ئۆتۆمۆبێل سووتێنران و حكوومەتى بەریتانیا 16 هەزار پۆلیسى بۆ كۆنترۆڵكردنى دۆخەكە هێنایە لەندەن و سەدان كەسیش بەتۆمەتى ئاژاوەگێڕى گیران."
Top