لە حەمای سووریا 45 خۆپێشاندەری تر كوژران

لە حەمای سووریا 45 خۆپێشاندەری تر كوژران
ئەمڕۆ پێنجشەم چالاكانی مەدەنی ئاشكرایان كرد، بەهۆی هێرشی تانكەكانی سوپای سووریا لە شاری حەما، تەنیا دوێنێ چوارشەم لەو شارە لانی كەم 45 خۆپێشاندەر كوژران، جگە لەوەى ناوەڕاستی ئەو شارە لەلایەن هێزەكانی وڵاتەوە بەتەواوی گەمارۆ دراوە.

بڵاوبوونەوەی نوێترین ئاماری كوژرانی خۆپێشاندەرانی شاری حەما و ناوچەكانی تری سووریا لە كاتێكدایە، ئەنجوومەنی ئاسایش لە ماوەى 5 مانگی رابردووی ناڕەزایەتییەكانی ئەو وڵاتە نەیتوانی بەشێوەیەكی رژد سەركۆنەی توندوتیژییەكانی سووریا بەرامبەر خەڵك بكا، ئاژانسی دەنگوباسی (رۆیتەرز) گواستییەوە.

چالاكێكی مەدەنی لە سووریا بەسەرچاوەكەى گوت، ئەو 45 كەسە بەهۆی هێرشی تانكەكان و كردەوەگەلی رژدی سەربازیی سووریا هاتنە كوشتن.

دووشەمی رابردوو لەگەڵ بەردەوامیی توندوتیژییەكان بەرامبەر خۆپێشاندەران لە سووریا و بەرزبوونەوەى ئاماری كوژراوەكانی ئەو وڵاتە، ئەنجوومەنی ئاسایش كۆبوونەوەی نائاسایی و داخراوی ساز كرد كە ئەنجامێكی مەیدانی نەبوو، رووسیا و چین (2 ئەندامی هەمیشەیی)، لەگەڵ ئەفریقیای باشوور، بەرازیل و هیندستان (ئەندامانی ناهەمیشەیی)ی ئەنجوومەن دژی بڕیارێكی توندی رۆئاوا بەرامبەر دیمەشقن.

لە ناوەڕاستەكانی (ئادار/مارس)ی رابردووەوە زنجیرەیەك خۆپێشاندان دژی دەسەڵاتی سووریا باشووری دیمەشقی پایەتەختی گرتەوە، دۆخەكە دواتر ناوچە كوردییەكانیش گرتەوە و تێكهەڵچوونی هێزە تەناهییەكان و خۆپێشاندەرانی لێ كەوتەوە، سەرچاوەگەلی رەسمیی جیهانی باسی كوژرانی زیاتر لە هەزار و 750 كەسی سڤیل و 350 لە هێزە تەناهییەكان دەكەن، جگە لە بریندار بوونی زیاتر لە 3 هەزار و گیرانی 10 هەزاری تر.

-ئاكانیوز
Top