ئاوارەكان لەم وەرزەدا پێویستیان بە هاوكاريی نێودەوڵەتی هەیە

ئاوارەكان لەم وەرزەدا پێویستیان بە هاوكاريی نێودەوڵەتی هەیە
گۆڤاری گوڵان لە درێژەی سەردانەكانیدا بۆ كەمپی ئاوارەكان، هەرسێ كەمپی (دارەشەكران، هەم شەم یەك و كەوەرگۆسك)ی بەسەر كردەوە و دانیشتووانی ئەو كەمپانەش سەڕەرای دەربڕینی دڵخۆشی خۆیان بۆ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و بەهاناچوونی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبانێ، هاوكات نیگەرانیی خۆیان لە ئاستی خزمەتگوزارییەكان و خراپی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەربڕی، بەتایبەتی ئاوارەكانی كوردی شەبەك و كوردی كۆبانێ كە لەم دواییەدا هاتبوونە ئەو كەمپانەو شوێنی حەوانەوەو چادرەكانیان بەپێی پێویست نەبوو، ئاوارەكان داوا لە حكومەت و خەڵكی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەن لەم وەرزە سەختەی سەرما و سەهۆڵبەندانەدا ئاوڕی زیاتریان لێبدەنەوە.

بارودۆخی زیاتر لە (ملیۆن و نیوێك) ئاوارە لە هەرێمی كوردستان كە بەسەر 29 كەمپدا دابەشبوون، تادێ روو لەخراپی دەكات، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماو سۆڵەی زستان و كەمبوونەوەی هاوكاری و كۆمەكەكانی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و پشتگوێخستنی حكومەتی مەركەزی بەغدا بۆ بەهاناچوونی هاووڵاتییانی خۆی كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیداری ناوەندەوە لە پارێزگاكانی موسڵ و سەلاحەدین و كەركووك و دیالە دەربەدەربوون و وەكو ئاوارەی وڵاتێكی دراوسێ مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، ئەمە لەكاتێكدا لەكۆی 20 كەمپی ئاوارە كە لە سنووری پارێزگای دهۆكدا هەن، 16 كەمپیان تایبەتە بە ئاوارەكانی پارێزگاكانی موسڵ و ناوەڕاستی عێراق، كەچی حكومەتی ناوەندی عێراق هیچ هاوكاری و یارمەتییەكی پێشكەش نەكردوون. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش كە دووچاری قەیرانی بودجە بووەتەوە، رایگەیاندووە كەوا هاوكاری و كۆمەككردنی هاووڵاتیانی سووریا لەساڵی 2015 پێویستی بە 8 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەیە. بەمشێوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر گەورەترین كارەساتی مرۆیی كەمتەرخەم بووە، ئەو كارەساتەی كە بەهۆی وەحشیگەریی و دڕندەییەی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ئاوارەبوونی زیاتر لە 7 ملیۆن هاوڵاتی سووری و زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەی عێراقی لێكەوتەوە، وەزیری پەرەپێدانی ئەڵمانیش ئەم كارەساتەی بە «كارەساتی سەدە» ناو بردووە، لە تازەترین راگەیاندراویشیدا رێكخراوی یونسێف هۆشداری بە وڵاتانی كۆمەكبەخش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا كە رێكخراوەكەیان پێویستی بە 64 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ فریاكەوتنی خێرای 2 ملیۆن منداڵی ئاوارە كە لەم زستانەدا لە بارودۆخێكی خراپدان و پێویستیان بە كۆمەك و هاوكاری مرۆیی و تەندروستی خێرا هەیە، خراپبوونی رەوشی ژیانی پەنابەران و ئاوارەكان لەكەمپەكانی كوردستان لەم وەرزەدا لەكاتێكدایە هەموو ژمارەو داتاكان كە لەناو كەمپەكانەوە باسی لێوە دەگرێت ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە تادێت ژمارەی ئاوارەكان روو لە زیادبوونەو دۆخەكە لەوە زیاتر دەخایەنێت كە پێشبینی دەكرا، بەتایبەتی ئاوارەبوونی ئەو خێزان و گەنجانەی لە بەر نەبوونی هەلی كار و خراپی بارودۆخی بژێوی خێزانەكانیان لە سووریا و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن، وەكو خێزانەكانی قامیشلۆ و دێرك كە لەم راپۆرتەدا بەسەرمانكردوونەتەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان سەڕەرای گرفتی دارایی و شەڕی داعش و كەم ئەزموونی لایەنە پێوەندارەكانی حكومی بۆ پێشوازیكردن و رێكخستنی ئەم ژمارە زۆرەی پەنابەرو ئاوارە بەپێی تواناو بودجەی بەردەست چەندین پڕءژەی خزمەتگوزاری جۆراوجۆریان لەناو كەمپەكانی ئاوارە جێبەجێ كردووە، لەسەر راسپاردەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان خێرخوازان و رێكخراوە ناوخۆییەكانیش وەكو رێكخراوی بارزانی و پێشمەرگەكانی كوردستان بەپێی توانا كۆمەك و هاوكاری ئاوارەكانیان كردووە، ئەوەتا پێشمەرگەكانی كوردستان فراوانترین هەڵمەتی بەخشینی دیارییان بۆ منداڵانی تەمەن 2 تا 10 ساڵی ناو كەمپەكان لەسنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر ئەنجام دا، منداڵەكانیش بە سروودی بژی پێشمەرگە پێشوازییان لە كاروانی هاوكارییەكان كرد. لەمیانەی سەردانەكانی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ كەمپی ئاوارەكان، هەرسێ كەمپی (دارەشەكران، هەم شەم یەك و كەوەرگۆسك)مان بەسەر كردەوە كە سەڕەرای دڵخۆشییان بۆ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەو بەهاناچوونی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبانێ بەڵام نیگەرانیش بوون لە ئاستی خزمەتگوزارییەكان و خراپی شوێنی نیشتەجێبوونیان بەتایبەتی ئاوارەكانی كوردی شەبەك و كوردەكانی كۆبانێ كە لەم دواییەدا هاتبوونە ئەو كەمپانەو شوێنی حەوانەوەو چادرەكانیان بەپێی پێویست نەبوو، زۆربەی چادرەكانیان ژێر ئاو كەوتبوون و گرفتی نەبوونی گەرماو w.c و خراپی خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆیان هەبوو.
ئاوارەكان داوا لە حكومەت و خەڵكی كوردستان دەكەن لەم وەرزەدا زیاتر هاوكارییان بكەن
لەمیانەی بەسەركردنەوەی ئاوارەكان سەرەتا سەردانی كەمپی (دارەشەكران)مان كرد، دیمەنی منداڵان و ئافرەتانی كۆبانێ كە لە ژێر خێوەت و ناو قوڕ و لیتەدا بوون بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگر بوو بۆ خراپی بارودۆخەكەیان، ئەوان سەرەڕای خراپی بارودۆخەكەیان سوپاسی سەرۆك مسعود بارزانیان كرد بۆ بەهاناچوونی شارەكەیان و هەڵوێستەكەی بەڕێزیان بە هەڵوێستێكی نەتەوەیی بەرز نرخاند، داواشیان لە خەڵكی كوردستان و كاربەدەستانی هەرێم كرد ئاوڕێكیان لێبدەنەوە، بەتایبەتی لەم وەرزەی سەرماو سۆڵەی زستاندا كە جگە لە شەقامە سەرەكییەكانی ناو كەمپەكە كۆڵانەكانی دیكەی بەردەم چادرەكانی ناو كەمپەكە هەمووی قوڕ و لیتەیە و خێوەتەكانیش لە سەرماو سۆڵەی ئەم وەرزە نایانپارێزێت.
محەمەد نایف خەڵكی (قامشلۆ)ی رۆژئاوای كوردستانە و سەرەتا باسی ئەوەی كرد كە چەند مانگێكە كۆمەك و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان كەمیان كردووە، هاوكات گوتی: «جگە لە رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی و چەند رێكخراوێكی ناوخۆیی كەس ئاوڕی لێنەداوینەتەوە وا بڕوات ژیانمان زۆر سەخت و خراپتر دەبێت».
قەدریە شاكر دانیشتوویەكی دیكەی هەمان كەمپە و ئەویش گلەیی و رەخنەیەكی زۆری لە حكومەتی عێراق هەبوو، گوتیشی: «تادێت پێداویستییەكانی تەندروستی و خزمەتگوزاریی و پەروەردەیی ئاوارەكان روو لە زیادبوون دەكات، كەچی حكومەتی عێراق و دامودەزگاكانی بەهیچ شێوەیەك كۆمەك و هاوكاری ئەم كەمپانەی نەكردووە و تەنیا ئومێدمان بە حكومەتی هەرێم و خێرخوازانی كوردستان هەیە».
ئاوارەكان وێڕای دەستخۆشییان بۆ حكومەتی هەرێم كە قوتابخانەی بنەڕەتی تا پۆلی نۆیان بۆ دابین كراوە، بەڵام داوای قوتابخانەی ئامادەییش دەكەن، هەروەها باسی ئەوە دەكەن كە ئەو بنكە تەندروستییانەی كراونەتەوە، هەموو چارەسەرێكی پزیشكی تێدا نییە و نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و شارەزاش گرفتێكی گەورەی بۆ دروست كردوون، هەروەها داوا دەكەن رێگەیان پێ بدرێت بە بلۆك ژوورێك بۆ خێزانەكانیان دروست بكەن و لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین بیانپارێزن.
ئاوارەكانی كۆبانێ
هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە بەرز دەنرخێنن
لەناو چەمێكی پڕ لە قوڕ و لیتە ژمارەیەك خێوەتی لێبوو كە تایبەت بوون بە ئاوارەكانی كۆبانێ، ئەوان سەڕەرای سوپاس و پێزانینیان بۆ هەڵوێستی بەڕێز مسعود بارزانی بە ناردنی پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ هاوكات داوایان لە خەڵكی كوردستان كرد بە هانایانەوە بچن و هاوكاری و یارمەتییان پێشكەش بكەن، چونكە وەك خۆیان باسیان كرد، كۆمەكە نێودەوڵەتییەكان زۆر كەمی كردووە و رووبەڕووی حاڵەتێكی ناهەموار بوونەتەوە.
سلێمان ئەحمەد خەڵكی (كۆبانێ)یە و باسی ئەوە دەكات كە «مێژووی كورد لەئامێزگرتنی خێزانەكانی كۆبانێ لە لایەن سەرۆك بارزانی و خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە لەبیر ناكات، بەرگریكردنی پێشمەرگەش لە شارەكەیان بە وەرچەرخانێكی مێژوویی و نەتەوەیی دادەنێت و هاوكات دەڵێت: «دوای ئەوەی لە دەستی داعشەكان دەربەدەر بووین و توركیا بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ كردین، هەڵوێستی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەكان لەبیر ناكەین و واڵاكردنی سنوورەكانی باشووری كوردستان بۆ پێشوازیكردنی خەڵكی كۆبانێ و نیشتەجێكردنیان لە كەمپەكان وەرچەرخانێكی نەتەوەیی و مێژوویی بوو، هەر ئەمەشمان چاوەڕوان دەكرد لە سەرۆكی كوردستان و پێشمەرگە و خەڵكەكە، بەڵام داواكاریشین لێرەش بە فریای منداڵەكانمان بكەون و هاوكاری و یارمەتی خێرامان لە شیر و داربی و پێداویستیەكانی زستانەمان پێشكەش بكەن، چونكە لەناو ئەم قوڕ و لیتەیە و لەبەر ئەم سەرمایە ژیان زۆر زەحمەتە و منداڵەكانمان هەمووی نەخۆش كەوتوون».
محەمەد بەشیر خەڵكی (دێرك)ـە و ئەویش لە دەستپێكی قسەكانیدا گوتی: «سەری رێز و ستایش بۆ سەرۆكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دادەنوێنین كە پارێزگاری لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن و ئەو ژمارە زۆرەی كوردی رۆژئاوایان لەئامێز گرتووە، لەكاتێكدا ئاگاداری بارودۆخی خراپی دارایی وڵاتەكەین، بەڵام ژیانی ژێر چادر مەترسی ئاگركەوتنەوە و ژەهراویبوون و خنكاندنی منداڵەكانمانی لێدەكەوێتەوە».
قەیرانی دارایی un ئاوارەكانی نیگەران كردووە
لە كەمپەكانی دارەشەكران و هەم شەم یەك و كەوەركۆسك ژمارەیەك لە ئاوارەكان نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە كەمبوونەوەی هاوكاری و كۆمەكەكانی un راگەیاند. هەر لەو بارەیەوە ئیلهام حەسەن گوتی: «ماوەیەكە رێكخراوە جیهانییەكان تەنانەت هاوكارییەكانی منداڵانیشیان كەم كردۆتەوە، ئێستا بۆ دابینكردنی شیری منداڵ و دایبی و پێداویستییەكانی دیكە زۆر لە زەحمەتیداین، تەنانەت جلوبەرگیشمان بۆ منداڵەكانمان نییە».
نەبوونی جلوبەرگ و پێڵاوی منداڵان و ئافرەتان لەم وەرزە سەرما و سۆڵەی زستاندا سەرنجی راكێشاین و پرسیارمان لە ئاوارەیەك بە ناوی عەبدولڕەحمان موراد جەلۆ كرد، كە ئایا هیچ هاوكاری و كۆمەكێكتان بەدەست گەیشتووە؟ لەوەڵامدا گوتی: «حكومەتی عێراق هیچ هاوكارییەكی نەكردووین و ئێستا یارمەتییەكانی unیشمان لەسەر بڕاوە، ئەگەر هەشبێت، زۆر كەمە، ئێستا هەر هەموومان پێویستیمان بە پێڵاو و جلوبەرگ هەیە و داواكارین خێرخوازانی هەرێمی كوردستان بەدەنگمانەوە بێن و جلوبەرگمان بۆ بهێنن».
عەبدولڕەزاق سەرحان هاووڵاتی خەڵكی (كۆبانێ)یە و ئەویش گوتی: «لەم شوێنەدا هەر هەموومان نەخۆش و ماندووین و داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە خێرخوازەكان و خەڵكی كوردستان فریامان بكەون و منداڵەكانمان لە سەرما رزگار بكەن، ئێمە پێویستیمان بە شوێنی باشتر هەیە، یا هیچ نەبێت رێگەمان پێ بدەن بلۆك بهێنین و بۆ خێزان و منداڵەكانمان ژوورێك دروست بكەین».
بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەمپەكانی ئاوارە لەپارێزگای دهۆك:
پێویستە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئاستی هاوكارییەكانیان زیاتر بكەن
سەبارەت بەكەمبوونەوەی هاوكارییەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق بۆ هەزارەها خێزانی ئاوارە لە سنووری دهۆك، سالم سەعید بەرپرسی پەیوەندییەكان لە كەمپی دۆمێز تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «ماوەیەكە بە شێوەیەكی بەرچاو ئاستی هاوكاری و كۆمەكە مرۆییەكان بۆ كەمپەكانی پارێزگای دهۆك كەمی كردووە، بە رادەیەك لە هەر 20 كەمپی ئەم سنوورە كە زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە، نیگەرانییەكی زۆری لێكەوتۆتەوە، لەلایەكی ترەوە 16كەمپی ئەم سنوورە ئاوارەی خەڵكی عێراقی تێدا نیشتەجێیە، كەچی حكومەتی عێراق بەپێی پێویست ئاوڕی لەم كەمپانە نەداوەتەوە، ئەم دۆخە و سەرما و سۆڵەی زستان مەترسیدارە، بەتایبەتی كە تادێت ژمارەی ئاوارەكان روو لە زیادبوون دەكات، پێشبینی ئەوەش دەكرێت لەساڵی 2015 ئەم ژمارەیە روو لە زیادبوون بكات و خەرجییەكانیشیان زیاد بكات، هەر بۆیە ساڵی ئایندە ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، گەربێتو رێكخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەكان هاوكارییەكانیان زیاد نەكەن و بەهانای ئەو ژمارە زۆرەی لێقەوماوەكان نەیەن، پرسی ئاوارەكان بە یەكێك لەو دۆسییە گرنگ و مرۆییانە دادەنرێت كە كاریگەری توندو راستەوخۆی لەسەر بەرنامە و كاری حكومەت لە ساڵی ئایندە دەبێت، چونكە واپێدەچێت بارودۆخی سووریا ئاڵۆزتر بێت، زۆریش لەو هاونیشتمانییە كوردانەی رۆژئاوا جگە لە مەترسی داعش لە بەر خراپی بارودۆخی مرۆیی و نەبوونی خزمەتگوزاریی روویان لە هەرێم كردووە، ئەوەش گرفتێكی گەورەیە و پێ ناچێت بەم نزیكانە چارەسەر بێت».
Top