لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی گەنجان باس لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی دەكەن
![لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی گەنجان باس لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی دەكەن](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250210225251_original_12.jpg )
ڤاڵانتاین وەك رۆژی جیهانیی خۆشەویستی و ئەوینداری وەك واقعێكی كۆمەڵایەتی، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت. لە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتان، ئەم رۆژە بەشێوەی جیاجیا بەڕێدەكرێت و گوڵی سوور لە نێوان عاشقاندا ئاڵوگۆڕ دەكرێت. هاوكات لێرە و لەوێ باس لە كاڵبوونەوەی پەیوەندیی خۆشەویستی دەكرێت و لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری گوڵان گەنجانی بەشداربوو لە دیدی جیاوازەوە شەن و كەوی بابەتەكە دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ڕۆژی 14ی فێبریوەری، ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی، چاوگ و سەرچاوەی ئەو ڕۆژە جیهانییە ڕای جۆراوجۆری لە سەرە، كە باوترینیان بۆ سەردەمی كلۆدیۆسی دووەم لە ڕۆمانیا دەگەڕێتەوە، كە هاوسەرگیریی سەربازەكانی قەدەغە كردبوو، بەڵام قەشەیەك بە ناوی ڤاڵانتاین بە نهێنی سەربازە ڕۆمییەكانی لەگەڵ كچە خۆشەویستەكانیان لێك مارە دەكرد، لەسەر ئەوەش لە سێدارە درا.
مەریوان حەكیم جەباری نووسەر و شاعیر، بە هەستی شاعیرانە خۆشەویستی پێناسە دەكات و دەڵێت: «خۆشەویستی بریتییە لە هەستێكی بەهێزی سۆزداری بەرانبەر بە كەسێك یان شتێكی دیاریكراو كە مرۆڤ هەستی پێدەكات، هەروەها دەكرێت ئاماژە بێت بۆ تێكەڵەیەك لە هەستەكانی تر وەك ڕاكێشان، وابەستەبوون، پێویستی، ناسكی و هەوڵدان بۆ دروستكردنی هەستی بەرانبەر. خۆشەویستی ڕەنگە هەڵبژاردنێك بێت كە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، چونكە ئاسوودەیی و ئارامی دابین دەكات و ڕۆڵێكی سەرەكی گرنگ لە ژیانیدا دەگێڕێت.
بە تێپەڕبوونی كات لەگەڵ ڕەوتی ژیانكردن و پێشكەوتنەكاندا چەمكی خۆشەویستی وەك تەواوی چەمكەكانی دی گۆڕانكاری بەسەردا هات، ئەگەر بەراوردێك بكەین و زۆر نەگەڕێینەوە دواوە، لە ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكان خۆشەویستی بە مانای وشە خۆشەویستی بوو، بەبێ هیچ بەرژەوەندییەكی دونیایی تەنیا ئاوێتەبوونی دوو ڕۆح و ڕەنگدانەوەی دوو دڵی پاك و تێكەڵبوونی هەستی دوو مرۆڤ بوو، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی كرانەوە بەڕووی جیهانیی مۆدێرنە و ئاشنا بوون بە تەكنەلۆژیا ئەم چەمكەش گۆڕا، جوانی و پاكی و پیرۆزییەكەی لە دەستدا، بە جۆرێك خۆشەویستی بووەتە ئەو ئاگرەی جگە لە عەجوولەكان مرۆڤی ئاسایی ناوێرێت دەستی بۆ ببات، چونكە لە پاڵ هەر خۆشەویستییەك كۆمەڵێ تەڵە و داو خۆیان حەشار داوە، خۆشەویستی ئەم سەردەمە تەنیا حەزێكی كاتی و تێركردنی غەریزە و تەنانەت پارە و ئۆتۆمبێل و كۆمەڵێ كەرەستەی دی بوون بە جێگرەوە، ئەمەش پەیوەندی خۆشەویستی لەكەدار كردووە».
فایزە كۆیی ڕۆژنامەنووسە و هێما بۆ ئەوە دەكات كە:» كەمبوونەوە یاخود كاڵبوونەوەی خۆشەویستی لەم سەردەمەی ئێستادا لەنێو تاكەكان و خێزانەكاندا ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە، هۆكار گەلێكی زۆر هەن بۆ ساردبوونەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كەمبوونەوەی خۆشەویستی، لەوانە پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا و كەمی كات و سەرقاڵ بوونی خەڵك بە زۆری كاتەكانی كاركردنەوە، كە ئەمەش وایكردووە كەمتر یەكتر ببینن و پەیوەندییەكان سارد ببنەوە، لە پێشوودا پەیوەندی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی زۆر گەرم بوو، لەكاتی نانخواردن سینی نان خواردنەكە تەواوی خێزانەكەی لە دەوری خۆی كۆدەكردەوە و بەیەكەوە نان دەخورا، لە گوندەكان تەواوی كارەكان بە هەرەوەزی دەكرا و زیاتر خەڵك یەكتری خۆشدەویست، ئێستا كار زۆرە كات كەمە و ئەندامانی خێزان لەكاتێكدا تەنیا تەنیا نان دەخۆن، بۆیە خۆشەویستی وەك گوڵ و ڕووەك وایە ئاوی نەدەی وشك دەبێت.
خەڵكی ئێستا متمانەیان بەیەكتر كەمبووە و یەكترناسینیان كەم كردووەتەوە، وەك پەندە كوردییەكەی كە دەڵێت دووری و پووری، بۆیە ئەم سەردەمەی ئێستا سەردەمی تاكە كەسییە و خەڵك ناپەڕژێتە سەر ئەوەی گرنگی بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بدات، و سەلامەتی هەڵبژاردووە. عەشق خۆی لەخۆیدا مانایەكی جوان بە ژیان دەبەخشێت و ئەوین هەستێكی ڕاستگۆیانە لای تاك دروست دەكات. ئەوەی لە ئەوینداریدا ڕاستگۆ نەبێت، لە بنەڕەتدا لە عەشق و ئەوینداری تێنەگەیشتووە، چونكە سرووشتی مرۆڤ وایە، لە قۆناغێك بە سەختی عاشق دەبێت، دواتر عەشقەكەی كاڵ دەبێتەوە، یان دەگۆڕێت، یان ڕەنگە بۆ هەتایە ئەو هەستە لەلای بمێنێتەوە، كێشە ئەوەیە عەشق لە وڵاتی ئێمە قەدەغەیە و وەك تاوان سەیری دەكەن، بۆیە باجەكەی قورس و گرانە و زۆرجار بەكۆتایی ژیانی كەسەكان و بەتایبەت ئافرەتان كۆتایی دێت».
هەڵبەست ساڵح شێروانی، ڕۆژنامەنووسە و لەمبارەیەوە دەڵێت: «بەداخەوە، لە ئێستادا بەهۆی كۆمەڵێك سەرقاڵی و بابەتی پەیوەست بە كاروباری ڕۆژانەی ژیان، كاڵبوونەوەیەك یاخود لێكترازانێك لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا بەدی دەكرێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر هەستی خۆشەویستیی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە هەیە، چونكە هەبوونی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی هەستی خۆشەویستی دەبەخشێ، كە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی كاڵبووەوە یاخود نەما، هەستی خۆشەویستیش كاڵ دەبێتەوە یاخود نامێنێ، چونكە پێكەوە هاوتەریبن.
ئەو كاڵبوونەوە و لاوازی هەستی خۆشەویستییە كەوتووەتە ناو خێزانەكان و تەنانەت نێوان هاوژینەكانیش، ئەوەش مەترسیدارە و خێزان لەبار یەك دەبات و كۆمەڵگەیەكی سەرلێشێواو دێنێتە بەرهەم، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار خەمێك لەو پرسە بخوات و بایەخ بە پرسە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكان بدرێ، بۆ ئەوەش پێویستە دەزگاكانی ڕاگەیاندن هان بدرێن كە لەمەودوا گرنگی بە بابەت و پرسە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكان بدەن، جگە لەوەش پێویستە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی زیاتر لەهەر بابەتێكی تر، لەڕێی مینبەری مزگەوتەكانەوە مامۆستایانی ئایینی ڕابسپێرێ، كە بابەتە خێزانییەكان و كۆمەڵایەتییەكان لەڕووی شەرعەوە زەق بكەنەوە، چونكە پێویستییەكی هەنووكەییە و دەبێت بایەخی پێبدرێ، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە ئێستا هاتووەتە ئاراوە.
لە سەرووی هەموو ئەوانە، تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك و ئەپەكانی دیكە، كاریگەری نەرێنی زۆریان لەسەر پەیوەندی تاكەكانی كۆمەڵگە و خێزان و هاوسەران هەیە، چونكە ئەو ئەپانە چوونەتە ناو ژیانی هەموو تاكێك و ڕۆژانە ژەهر دەڕژێنن و بوونەتە هۆكاری كاڵبوونەوەی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و خێزانی و تەنانەت ڕۆچووەتە ناو ژیانی ژن و مێردایەتیش، بەڕاددەیەك هەمووانی سەرقاڵ كردووە و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستیشی كاڵكردووەتەوە».
شلێر عەبدولسەلام مامۆستای وانەبێژە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «خۆشویستن یەكێكە لە پەیامە گرنگ و پیرۆزەكان، كە دەبێتە هۆكار و بنەمای پێكەوەژیان و هەوێنی خۆشگوزەرانی لە نێوان مرۆڤ و هەرچی پەیوەستە بە ژیان، هەر خێزانێكیش لەسەر ئەم بنەما ڕاست و دروستە پێكهاتبێت ئارامی و ڕێز و ئاسودەیی ڕووی تێدەكات، دەرەنجامەكەشی لە پەروەردەی منداڵەكان دەردەكەوێ كە بۆشایی سۆزداری لە ژیانیان بوونی نابێت، چونكە لە خێزانەكەیان خۆشەویستییان بە دروستی وەرگرتووە.
لەگەڵ ئەوەی خۆشەویستی ئەم بنەما گرنگەی ژیانە، كەچی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەتا دێ بەرەو كاڵبوونەوە و نامۆبوون دەڕوات، دونیای ماددی و سەرمایەداری هۆكارێكی سەرەكین بۆ نەمانی متمانە و خۆشەویستی چونكە لە دروستكردنی هەر پەیوەندییەك ڕەچاوی لایەنی سەرمایەداری كەسی بەرانبەر دەكرێت، وای لێهاتووە بڵێین بەهۆی سەرمایەوە هەستی تاكەكان مامەڵەی پێوەدەكرێت، هاوكات متمانەی نێوان تاكەكان بەرەو لاوازی ڕۆیشتووە، بەجۆرێك كە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی پەیوەندییەكان، ئەمەش ترسێك دەخاتە دڵی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ بچنە ناو ئەم پەیوەندییەوە و خۆی لێ بە دوور دەگرن».
گوتیشی: «زۆرن ئەو چیرۆكانەی كە دوو كەس عاشق بوون و بەیەك نەگەیشتن، چ بەهۆی بە زۆرەملێ بەشوودانی كچەكە، یان ژنهێنان بۆ كوڕەكە، بەڵام یەكێك لە سیفەتەكانی كۆمەڵگەی مرۆیی و شارستانی ئەوەیە عەشق بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەكەی و بەبێ هیچ قەید و بەندێكی كۆمەڵایەتی مرۆڤەكان عاشق بن، لە ڕۆژی ڤاڵانتاینیش وەك ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی پێویستە خۆشەویستییەكان نوێ بكرێنەوە و پەیمانەكان دووبارە ببنەوە و خۆشەویستان و عاشقان و بەتایبەتی هاوسەران وابكەن هەموو ڕۆژێكی ژیانیان ڤاڵانتاین بێت».
![لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی گەنجان باس لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی دەكەن](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250210225407_big_770x552_37.jpg )
![لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی گەنجان باس لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی دەكەن](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250210225429_big_770x552_1.jpg )
![لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی گەنجان باس لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی دەكەن](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250210225447_big_770x552_37.jpg )
![لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی گەنجان باس لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی دەكەن](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250210225506_big_770x552_37.jpg )
![لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی گەنجان باس لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی دەكەن](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250210225546_big_770x552_22.jpg )